وەزیری شارەوانی: هەفتەی داهاتوو بەشێکی دیکەی شەقامی 120 مەتری هەولێر دەکرێتەوە

09-05-2019
گۆڤەند مستەفا
بڕیاربوو لە سەرەتای نەورۆز ئەو بەشەی شەقامی 120 مەتری بکرێتەوە، وێنە: محەممەد شوانی، رووداو
بڕیاربوو لە سەرەتای نەورۆز ئەو بەشەی شەقامی 120 مەتری بکرێتەوە، وێنە: محەممەد شوانی، رووداو
نیشانەکردن شەقامی 120 مەتری
A+ A-

رووداو - هەولێر

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە دەستپێکی قیرتاوکردنەوەی بەشێکی دیکەی شەقامی 100 مەتریی هەولێر رایگەیاند "تاوەکو 10 رۆژی داهاتوو، شەقامی 120 مەتری لە رێگەی کۆیە تاوەکو رێگەی کەرکووک دەکرێتەوە".

نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەسەر شەقامی 100 مەتری لە هەولێر رایگەیاند "ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 9-5-2019) دەستکرا بە بەشی دووەمی قیرتاوکردنی شەقامی 100 مەتری هەولێر، ئەمەش لەسەر داهاتی شارەوانی بە گوژمەی دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار دەکرێت، دەستخۆشی لە ستافی کار لە شارەوانی هەولێر دەکەین بۆ ئەم کارە".

قیرتاوکردنەوەی شەقامەکان لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان لە سنووری شارەوانییەکان بەردەوامە، کە لەسەر داهاتی خۆیانە و، هەندێک داهاتیش هەیە پێویستی بە رەزامەندی وەزارەتی دارایی هەیە، ئەوانیش "زۆربەیان پەسندکراون و جێبەجێ دەکرێن. هەڵمەتی قیرتاوکردنەوەی شەقامەکان ناوە ناوە لە شوێنەکان بەپێی داهاتەکانیان ئەنجام دەدرێت".

لە وەڵامی پرسیاری رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی کردنەوەی بەشی دووەمی رێگەی 120 مەتری هەولێر، لەنێوان رێگەی کۆیە تاوەکو رێگەی کەرکووک، نەورۆز مەولوود گوتی "بڕیاربوو لە کۆتایی مانگی 3 ئەو شەقامە بکرێتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی دیزایینی نێوەڕاستی شەقامەکە سەوزاییەکی زۆری تێدایە، بارانبارینی بەردەوام رێگربوو لە سەوزکردنی، خۆشم سەردانی پرۆژەکەم کردووە، ئەگەر هیچ بەربەرستێک نەیەتە پێشەوە و کەشوهەوا لەباربێت، دەتوانم بڵێم لە هەفتەی داهاتوودا تاوەکو 10 رۆژی داهاتوو، شەقامەکە دەکەوێتە خزمەتی هاووڵاتیان".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە