رووداو رادیۆ
شارەوانیی سلێمانی ماوەی هەفتەیەک مۆڵەتی داناوە بۆ لابردنی ئەو یارییانەی هەڵبەزودابەز کە بە "یاریی جەمپ" ناسراون، دەڵێ لەدوای 15ـی نیسانەوە، بەشی زێدەڕۆیی شارەوانی، هەمووی تێکدەدات.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لەنێو گەڕەکەکانی شارەکە و لەسەر موڵکی گشتی، خەڵکانێک هەن بە نایاسایی یارییان داناوە کە یاریی جەمپ و بازدانی منداڵانن، هەندێک جاریش یارییەکان دەبنە هۆی رووداوی نەخوازراو و زیانگەیاندن بە تەندروستیی منداڵان، بۆیە پاڵپشت بە رێنماییەکانی قایمقامیەتی شارەکە، هەمووی لادەدرێت.
زەردەشت رەفیق، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی گوت، ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزەکانی بەهار و هاوین، دیاردەی دانانی جەمپ لەنێو گەڕەکەکانی شاری سلێمانی بەردەوام روو لە هەڵکشان دەکات، هیچ ئامارێکی وردیش لەبەردەستدا نییە، کە چەند یاریی لەو جۆرە هەن، بۆیە "ئەوەی هەیە بێ مۆڵەتن" و، لەدوای هەفتەیەک لەو مۆڵەتەی بۆیان دیاریکراوە، هەموویان لادەبردرێن.
بەگوێرەی ئەو وادەیەی شارەوانیی سلێمانی دیاریکردووە، لە 8ـی نیسانی 2025 تاوەکو 15ـی نیسانی 2025، دەبێت هەموو ئەو یارییانەی نێو گەڕەکەکان لابدرێن.
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی دەشڵێت، پاڵپشت بە رێنمایی قایمقامیەت، لەوای ئەو وادەیەی دیاریکراوە، خاوەن جەمپەکان لەماوەی هەفتەیەکدا دەبێت زیادەڕۆییەکانیان لابدەن، بەپێچەوانەوە پاش تێپەڕاندنی ئەو ماوەیە و لە ئەگەری پابەندنەبوون، "رێکاری یاسایی دەگرینەبەر و بەشی لابردنی زیادەڕۆیی شارەوانی جەمپەکان لادەدات و تێکیان دەدات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ