تەواوی خەڵک چاوی لە رێککەوتنی پارتی و یەکێتییە؛ هەفتەی داهاتوو دوایین کۆبوونەوە دەکەن

09-04-2025
بەختیار قادر
بەختیار قادر
کۆبوونەوەکە بۆ دابەشکردنی پۆستەکان دەبێت.
کۆبوونەوەکە بۆ دابەشکردنی پۆستەکان دەبێت.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پارتی و یەکێتی تاوەکو دووشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەی کۆتایی دەکەن. تەوەری کۆبوونەوەکە دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت.
 
رێباز بێرکۆتی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی لەوبارەوە دەڵێت، "خاڵە جەوهەرییەکان رێککەوتنی باشی لەسەر کراوە، نەخشەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرنامەی کاری حکومەت لە قۆناخی کۆتاییدایە. هەفتەی داهاتوو دووبارە کۆبوونەوە دەکرێتەوە و شاندی دانووستاندنکار بەیەکەوە دادەنیشن و ئێمە بەگەشبینییەوە سەیری دەکەین کە دانیشتنەکان ئەنجامی باشی هەبێت و خەڵک وەکو موژدەیەک وەریدەگرن ئینشاڵڵا."
 
دواکەوتنی کۆبوونەوەی ئەمجارەیان بەهۆی سەرقاڵی یەکێتییەوە بووە بە کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسیان و گۆڕانکارییەکانی نێو حیزب، سەرەتای هەفتەی داهاتوو، ئاسۆی پێکهێنانی حکومەت دەردەکەوێت.
 
سەفین دزەیی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دەڵێت، "پێکهێنانی حکومەت پرۆسەیێکە ئەرکی هەردوو هێزە سەرەکییەکەیە، ئەوان گفتوگۆی چڕدان و هەنگاوی زۆر باشیش نراوە، بە ئومێدین لە داهاتویێکی زۆر نزیک حکومەت پێکبێت و کارنامەیێکی گونجاوی هەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ئێستا و داهاتوو."
 
نزیکەی شەش مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕیوە، خەڵک گلەیی زۆری لە دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێ هەیە.
 
سەردار ئەحمەد، هاونیشتمانییە و لەبارەی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت باس لەوە دەکات، "ئەوە چەندین مانگە هەڵبژاردن کراوە و حکومەت دروست نەبووە چۆن نیگەران نەبین؟"
 
ئێڤار سەڵاح، فەرمانبەرە و باس لەوە دەکات، "زۆر زۆر نیگەرانم، چونکە یەکەم هەلی کار وەستاوە، دووەمیش بازاڕەکان وەستاون. ئێستا من لە کەرتی تایبەت کاردەکەم ئەگەر حکومەت دروست بووبا، زۆر جیاواز دەبوو هەلی کار زیاتر دەبوو."
 
ئاسودە ئازاد، قوتابییە و باس لەوە دەکات، "لەم مەملەکەتە بچووکترین تاک تاوەکو گەورەترین تاک لە بەر هۆکاری کێشەی زۆر دەزانن سیاسەت چییە، کابینە چیە و هەڵبژاردن چییە، بۆیە بەباشی دەزانم بە زووترین کات کابینەی نوێ پێکبهێندرێت."
 
ئێستا لە بنکەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە تاوەکو لووتکەی دەسەڵات، داوای پەلەکردن لە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت دەکرێت. رەنگە ئەمە ببێتە بنەمایێکی بەهێز کە زووتر حکومەتی نوێ پێکبهێندرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمڕۆ گردبوونەوەی ناڕەزایی مامۆستایان لە سنووری کرماشان بەڕێوەچوو.

ئەنجوومەنی مامۆستایانی ئێران داوا دەکات بڕیاری خوێندن بە زمانی دایک بدرێت

لە چەند شارێکی پارێزگای کرماشان و پارێزگاکانی ئێران مامۆستایانی ناڕازی دژی جێبەجێنەکردنی داواکارییەکان گردبوونەوە و ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی ئێران دەڵێت، لە تاران هێرشکراوەتەسەر مامۆستایان و ژمارەیەکیان دەستبەسەرکراون.