رووداو دیجیتاڵ
ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەی 17یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب گەیشتوونەتە کۆتایی، وەشانخانەی ئاوێر بە 600 ناونیشانی جیاجیا بۆ جاری 12یەمین بەشدار دەبێت، لە پێشانگەکە 15 کتێبی نوێ دەخاتە بەردەستی خوێنەران.
ئاوێر حەسەن، سەرپەرشتیاری وەشانخانەی ئاوێر دەڵێت، "ئەمە 12یەمین جارە بەشداریی پێشانگەی کتێب دەکەین، ئەمجارە بە 15 کتێبی نوێ بەشداربووین، لەڕووی نرخیشەوە داشکانمان کردووە."
بۆ ئەم ساڵ 350 وەشانخانە لە 22 وڵات بەشدارن، لەو ژمارەیە 61 وەشانخانەیان کوردین.
سەیران وەفا، سەرپەرشتیاری وەشانخانەی مادیار لە سنە دەڵێت، "ئێمە لە سنەوە هاتووین بۆ ئەم پێشانگەیە، ئەمە سێیەم جارە بەشداری دەکەین، بە 200 ناونیشانی کتێبی سیاسی، کولتووری، ئەدەبی و چەندین ناونیشانی دیکە بەشدارین."
بە درێژایی 11 رۆژی پێشانگەکە، چەندین پانێڵی جیاجیا لەبارەی وەرگێڕان و زمان، بە بەشداریی رۆشنبیرانی کورد و بیانی بەڕێوەدەچن.
د. بێوار پیرەساڵی، گوتەبێژی 17یەمین پێشانگەی کتێب گوتی، "دەزگای مەدا ئەمە 17یەمین پێشانگەیە لە هەولێر بۆ کتێب رێکیدەخات، لە 2006 دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە، بۆ ئەمجارەش 350 وەشانخانە لە 22 وڵات بەشدارن لە 17یەمین پێشانگەی کتێب."
پێشانگەکە لە رۆژانی 9 بۆ 19ی ئەم مانگە لە کاژێر 10:00ی بەیانی تاوەکو 20:00ی ئێوارە لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان کراوە دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ