رووداو دیجیتاڵ
شێروان شێروانی، کە یەکێک بوو لە حوکمدراوانی بادینان، بڕیاربوو ئەمڕۆ ئازاد بکرێت، بەڵام پارێزەرێکی دەڵێت، رێکارە یاساییەکان تەواو نابن و سبەی هەوڵدەدەن ئازادی بکەن.
رەمەزان ئەرتیسی، یەکێکە لە پارێزەرانی شیروان شێروانی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەوڵماندا ئەمڕۆ شێروان ئازاد بکرێت، بەڵام بەهۆی رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکانەوە قورسە ئەمڕۆ بێت و سبەی هەوڵەکانمان بەردەوام دەبێت".
شێروان شێروانی زیاتر لە چوار ساڵە لە زینداندایە و دوای بڕیارێکی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سزاکەی بۆ نیوە کەمکرایەوە.
رەمەزان ئەرتیسی دەڵێت: "بۆ ئازادکردنی شێروان داواکاری ئازادبوونی بە مەرج کراوە، ئەوەش چەند رێکارێکی لە دادگەکان دەوێت، بۆیە ئەمڕۆ تەواو نەکراوە؛ هەوڵەکانیشمان بەردەوامە".
دوای چەند مانگێک لە دەستگیرکردنیان، دادگەی تاوانی هەولێر، 16-02-2021 بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی"، هەریەک لە شێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم، گوهدار محەممەدئەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بە یەکی شەش ساڵ زیندانیکردن سزادا.
مانگی شوباتی 2022 بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 60%ـی سزاکەیان لابرا، جگە لە شێروان شێروانی کە 50% کەمکرایەوە.
دوای لێخۆشبوونەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، 16-03-2023 سێ کەس لە حوکمدراوان کە بریتی بوون لە ئەیاز کەرەم، هاریوان عیسا و شڤان سەعید ئازاد کران و دوای دوو سزای دیکە، گوهدار محەممەدیش ئازاد کرا.
بەگوێرەی بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەبوو ئەیلوولی 2023 شێروان شێروانی ئازاد بکرایە، بەڵام پێش ئەو کاتە و لە 20ـی تەمموزی 2023، شێروانی بە مادەی 298 و 295 لە یاسای سزادانی عێراق، بە چوار ساڵ بەندکردن سزا درایەوە، دواتر بە بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چوار ساڵەکە کرایەوە بە دوو ساڵ و بڕیاربوو ئەمڕۆ ئازاد بکرێت.
لەبارەی هۆکاری دووبارە چوار ساڵەکەی شێروان شێروانی، رەمەزان ئەرتیسی گوتی، "ساڵی 2022 داوای ئازادکردنی مەرجدارمان بۆ ئەیاد کەرەم، شڤان سەعید، گۆهدار زێباری و هاریوان عیسا کرد، بەڵام نەکرا و دواتر گوتمان مادام ناکرێت با بڕیارەکە هەڵبوەشێنینەوە، بۆ واژۆی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە هەموو گیراوان بەدەستی خۆیان واژۆیان کرد، تەنیا گۆهدار زێباری نەبێت کە ئەو کات لە زیندانیی تاکە کەسی بوو، داوای کردبوو شێروان شێروانی لەبری ئەو واژۆ بکات و ئەویش واژۆی بۆ کردبوو، دادگە لەسەر ئەو بابەتە بە چوار ساڵی دیکە سزای شێروانی دایەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ