رووداو دیجیتاڵ
فەوجێکى 500 کەسى لە پێکهاتەکانى پۆلیسى کەرکووک پێکدەهێنرێت بۆ سەرپەرشتیى جێبەجێکردنى بڕیارەکانى پەیوەست بە یاساى گەڕاندنەوەى موڵک و ماڵ لەو پارێزگایە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـى ئادارى 2025، عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە تۆرى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو فەوجە لەسەر بنەماى ئەو راسپاردانە بووە کە بۆ سەرۆکوەزیرانى عێراق بەرزکراونەتەوە و رەزامەندى لەسەر دراوە.
عەبدوڵڵا میروەیس گوتى: "پۆلیسى نوێ دانامەزرێندرێت، بەڵکو لە پۆلیسى خۆجێیی شارەکە دروست دەکرێت".
لە 17ـى شوباتى 2025، یاسای گەڕاندنەوەى موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان چووەتە وارى جێبەجێکردنەوە. بەگوێرەى یاساکە، ئەو کەسانە قەرەبوو دەکرێنەوە کە بە 12 بڕیارى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى پێشوو زەوییەکانیان داگیرکراوە؛ کورد و تورکمانى کەرکووک دەگرێتەوە.
بەگوتەى ئەندامەکەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک، پێکهێنانى ئەو فەوجە بۆ ئەوەیە لە برى سوپا لەو ناوچانە بن کە زەوییەکانیان تێدا وەردەگیرێتەوە، تاوەکو بەگوێرەى یاسا مامەڵە لەگەڵ هەر گرژییەک بکەن ئەگەر رووبدات.
یاساکە لە 21ـى کانوونى دووەمى 2025، لە پەرلەمانى عێراق دەنگى لەسەر درا، بۆ جێبەجێکردنى پێویستە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق رێنمایی بۆ دەربکات.
بەگوێرەى یاساکە، دەبێت 300 هەزار دۆنم زەویی کورد و تورکمان لە کەرکووک بگەڕێنرێتەوە بۆ خاوەکانیان، کە لە چوارچێوەى هەڵمەتى تەعریب لەنێوان ساڵانى 1975 بۆ 1984 داگیرکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ