لە پڕۆژەی رووناکی ئەمپێرێک کارەبا بە چەندە؟

09-03-2025
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ زیاتربوونی بەشداربوون لە (پڕۆژەی رووناکی) کاردانەوەی هاونیشتمانییان زیاتر دەبن، هەندێک پشتیوانی دەکەن و هەندێکیش دەڵێن نرخەکەی زۆرە. شارەزیانیش داوا دەکەن، هاونیشتمانییان بە هۆشیارییەوە کارەبا بەکاربهێنن بۆ ئەوەی پارەی کەمتریان بۆ بێتەوە.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی نرخی جیای کارەبای (پڕۆژەی رووناکی) بەتایبەت کە دەگوترێت بە ئەمپێرە، ئەمڕۆ یەکشەممە تیمەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەموو دەنگۆیەک رەتدەکەینەوە کە کارەبای 24 کاژێری بەگوێرەی ئەمپێر بێت؛ چونکە سیستمەکە کیلۆواتە و هیچ پەیوەندی بە ئەمپێرەوە نییە".
 
لەبەرئەوەی زۆرینەی هاونیشتمانییان بۆ بەکارهێنانی کارەبا زیاتر شارەزای ئەمپێرن، ئەندازیاران و بەرپرسانی کارەبا جیاوازییەکانی ئەمپێر و کیلۆوات روون دەکەنەوە.
 
یەک کیلۆوات هەزار واتە، هەر یەک ئەمپێریش 220 واتە. هەرچەندە نرخی کیلۆواتی کارەبای (پڕۆژەی رووناکی) بە فەرمی دیارینەکراوە و بەرپرسانی پڕۆژەکە دەڵێن، بەگوێرەی پلەبەندییە و 400 کیلۆواتی یەکەم نرخێک دەبێت و 400ـی دووەم زیاتر و هەر 400ێک زیاتر نرخەکە زیاتر بەرز دەبێتەوە.
 
بەگوێرەی تیمەکە، بەکارهێنانی کارەبا بۆ 400 کیلۆواتی نرخەکەی کەمترە و خێزانی کەم دەرامەت و ئەوانەی ئامێری کارەباییان کەمە دەتوانن لێی سوودمەند بن، ئەگەر بەکارهێنان بگاتە 800 کیلۆوات، نرخی 400 کیلۆواتی دووەم زیاتر دەبێت؛ ئەگەر 400 کیلۆواتی زیاتر بەکارهات و گەیشتە هەزار و 200 کیلۆوات، نرخی 400 کیلۆواتی سێیەم زیاتر دەبێت، بەڵام دەشڵێن: "ئەوەش هێشتا ئەزموونییە و بڕیاری کۆتایی لەسەر نەدراوە".
 
بەرپرسێکی باڵای کارەبا بە رووداوی گوت: "پێشنیاز کراوە نرخی 400 کیلۆواتی سەرەتا هەر کیلۆواتێکی 80 دینار بێت؛ 400ـی دووەم 100 دینار و 400ـی سێیەم بەرزبێتەوە بۆ 200 دینار بۆ یەک کیلۆوات، ئەوەش بە ئامانجی ئەوەی خەڵک کەمترین بڕی کارەبا بەکاربهێنن و زیاتر نەبێ لە 800 کیلۆوات."
 
نرخی یەک ئەمپێر لە 24 کاژێردا
 
یەک ئەمپێر واتا 220 وات لە کاژێرێکدا، ئەگەر 24 کاژێر بەردەوام یەک ئەمپێر بەکاربهێندرێت دەبێتە 5 کیلۆوات و 280 وات، ئەگەر بە تەواوی مانگەکە یەک ئەمپێر بە بەردەوامی بەکاربهێندرێت، مانگانە دەبێتە و 158 کیلۆوات و 40 وات. ئەگەر نرخی یەک کیلۆوات 80 دینار بێت وەکو پێشبینی دەکرێت لە 400 کیلۆواتی سەرەتا نرخەکەی وابێت، واتا یەک ئەمپێر مانگێک تێچووەکەی دەبێتە 12 هەزار و 750 دینار، ئەگەر سێ ئەمپێر و نیو بەکاربهێنێت تێکڕا لە 400 کیلۆواتی یەکەم، ئەوە کۆی مانگەکە 44 هەزار و 500 دیناری بۆ دێتەوە.
 
ئەگەر هاونیشتمانییەک لە سەرەتای یان نێوەڕاستی مانگەکەدا 400 کیلۆوات زیاتری بەکارهێنا و کەوتە نێو بەکارهێنانی 400 کیلۆواتی دووەمەوە، ئەوکاتە نرخی هەر کیلۆواتێک لەسەری بە 100 دینار هەژمار دەکرێت. لەم کاتەدا تێچووی یەک ئەمپێر لەسەری دەبێتە 15 هەزار و 840 دینار و سێ ئەمپێر دەبێتە 47 هەزار و 500 دینار.
 
لە ئەگەری زیاتر بەکارهێنان و چوونە نێو بڕی سێیەمی 400 کیلۆواتی پێشنیازکراوەوە کە دەگوترێت یەک کیلۆواتی 200 دینار دەبێت، ئەوە تێچووی ئەمپێرێکی مانگانە دەبێتە 31 هەزار و 680 دینار. واتا سێ ئەمپێری مانگانە دەبێتە 95 هەزار و 40 دینار.
 
نرخەکان جێگیر نەکراوە، تیمەکە دەڵێن، دەبێت نرخەکان لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسند بکرێت، پاشان نرخی فەرمی بڵاو دەکەنەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عادل مەلا ساڵح، لە کۆنگرەی "ئاشتی بۆ دیپلۆماسییەت."

هاونیشتمانییەک پرسی دەوڵەتی کوردی دەباتە نێو کۆنگرەی ئاشتی لە توونس

چالاکڤانێکی کورد بە جل و ئاڵای کوردستانەوە لە "کۆنگرەی ئاشتی بۆ دیپلۆماسییەت" لە تونس بەشدارە و دەڵێت، "باسی ئەنفال، جینۆساید و دەوڵەتی کوردم کرد".