prev
next
رووداو دیجیتاڵ
10 رۆژە رۆژنامەڤان بەشدار بازیانی لە سلێمانی دەستگیر کراوە. سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان دەڵێت، "سەرکۆنەی دەکەین و بێ بڕیاری دادوەر و ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە" دەستگیرکراوە، بەڵام سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکاکە دەڵێت: "بەشدار ئاگاداری کەیسەکانی بووە و سکاڵای کۆمپانیا، داواکاری گشتی و بابەتی دیکەی لەسەرە".
لە راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوکراوەتەوە هاتووە: "دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس بەشدار بازیانی لەلایەن ئاسایشی سلێمانی، بەبێ ئاگاداریی پێشوەختە و بەبێ بڕیاری دادگە، پێشێلکردنی یاسای کاری رۆژنامەوانییە".
سەندیکای رۆژنامەنووسان دەڵێت: "رێگە نەدان بە کەسوکارەکەی بۆ سەردانیکردنی پێشێلێکی زەقی یاساییە و دوورە لە رێزگرتن لە بنەماکانی ئازادی بیروڕا و رۆژنامەگەری."
ئەنجوومەنەکەی سەندیکا داوای ئازادکردنی دەستبەجێی بەشدار بازیانی دەکات. هەروەها داوا دەکات دۆسیەی دەستگیرکردنەکەی "بەلاڕیدا نەبرێت"
هەر ئەمڕۆ، کاروان ئەنوەر، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەشدار بازیانی بۆیە راگیرانەکەی درێژکراوەتەوە زیاتر لە 10 کەیسی جیاجیای لەسەرە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت".
بە گوتەی کاروان ئەنوەر، ئەو رۆژنامەڤانە پێشتر سەردانی لقی سلێمانی سەندیکای کردووە و لە دۆسیەکانی ئاگادار کراوەتەوە. گوتیشی: "پێش دەستگیرکردنەکەی بە بەشدارم گوت کەیسەکان یەکلانەکەیتەوە دەستگیر دەکرێیت، بەڵام دیارە بە دەم کێشەکانییەوە نەچووە لە پۆلیس".
کاروان ئەنوەر لە زیندان چاوی بە بەشدار بازیانی کەوتووە و دەڵێت: "سکاڵای داواکاری گشتی، کۆمپانیا، کەسایەتی و دامەزراوەی جیای لەسەرە".
سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسان گوتی: "بەشدار کۆمەڵێک بابەتی بڵاوکردووەتەوە بەدەرە لە کاری میدیایی و چووەتە خانەی بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەواشە، ئاسایش دەستوەردانی کردووە. [بەشدار] زانیاری داوە بە شوێن و خەڵکێک کە ناڕاست بووە".
سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسان دەڵێت، بەشێکی کەیسەکانی سەر بەشدار بازیانی لە چوارچێوەی یاسای رۆژنامەگەریدایە. گوتیشی: "لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی هیچ نەبێ بە کەفالەت ئازاد بکرێت، تاوەکو کاتی دادگاییکردنی".
بەشدار بازیانی لەگەڵ سێ رۆژنامەڤانی هاوکاریدا، شەوی هەینی 28ی شوبات دەستبەسەر کران، لەکاتی جیادا سێ رۆژنامەڤانیان ئازاد کران.
لە دوای دەستگیرکردنیان، بەرپرسێکی ئاگادار لە سلێمانی بە رووداوی گوت، "بەشدار بازیانی لەلایەن هێزێکی ئەمنیی سلێمانییەوە راگیراوە، لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت و تەندروستیی باشە."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، "بەشدار بازیانی لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەوە بڕیاری مانەوەی لە زیندان دراوە، لە یەکێک لە گرتووخانەکانی سلێمانی راگیراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت".
بەپێی ئاماری سەنتەری میترۆ، ساڵی رابردوو 182 پێشێلکاری بەرامبەر 176 رۆژنامەڤان و دامەزراوەی میدیایی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ