رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەڵەبجە دوای خانەنشینبوونی لە مانگی یەکی ئەم ساڵدا، بڕیاربوو کەسێک لە جێگەی دابنێرێت، بەڵام بەهۆی یەکلانەبوونەوەی پۆستەکە بۆ کەسێکی دیکە، پارێزگارەکە گەڕاوەتەوە پۆستەکەی و کاروباری هاونیشمانیان بەڕێوەدەبات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 09ـی ئاداری 2025، ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە ئەرکەکەم دەمێنمەوە و کاروباری هاووڵاتییان بەڕێوەدەبەم تاوەکو کەسێکی دیکە دەخرێتە شوێنەکەم، هەرکات کەسێک دیاریکرا منیش ماڵئاوایی دەکەم".
لە 26-01-2025، ئازاد تۆفیق و شاهین رەزای جێگری خانەنشین بوون، هەروەها کاوە عەلی، جێگرێکی دیکەی پارێزگاری هەڵەبجە بوو، بەهۆی بوونی بە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی رابردوودا، دەستبەرداری پۆستەکەی بوو.
لەنێو ئەو کەسانەی ناویان بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار دەهێندرا، نوخشە ناسیح، قایمقامی ئێستای هەڵەبجە، شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی و مەهاباد کامل، سەرۆکی پێشووی زانکۆی هەڵەبجە هەبوون.
شوباتی رابردوو سەرچاوەیەکی ئاگادار لە هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رێکارەکانی بەپارێزگاربوونی نوخشە ناسیح لە وەزارەتی ناوخۆ تەواو بوون و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە بۆ پەسندکردن، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هیچ کەسێک لە جێگەی پارێزگاری ئێستا دانەنراوە."
پارێزگاری هەڵەبجە لە حکومەتی خۆجێیی ناوچەکە لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بەڕێوەدەبرێت، دوو جێگرەکەشی یەکێکان لە بزووتنەوەی گۆڕان و ئەوی دیکەش یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بوو.
هەڵەبجە، چوارەم پارێزگای هەرێمی کوردستانە. ناوەندەکەی کە قەزای هەڵەبجەیە، یەکێکە لە کۆنترین قەزاکان، لە سەردەمی عوسمانییەکاندا و پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، لە ساڵی 1889 کراوەتە قەزا و وەسمان پاشای جافی هاوژینی عادیلە خانم، یەکەم قایمقامی قەزاکە بووە.
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە نزیکەی 120 هەزار کەسە. پارێزگاکە لە دوو قەزا و سێ ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و قەزای خورماڵ، ناحیەکانی بیارە، بەمۆ و سیروان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ