گوندنشینانی راپەڕین بەهۆی کەمیی خزمەتگوزارییەوە روو لە شارەکان دەکەن

10-03-2023
ئەبوبەکر ئیسماعیل
گوندی قادراوا لە ئیدارەی راپەڕین
گوندی قادراوا لە ئیدارەی راپەڕین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

حەسەن رەسووڵ تەمەنی 24 ساڵە و نیشتەجێی گوندی قادراوایە لە سەنگەسەر و پێشمەرگەیە، دەڵێت بەهۆی نەبوونی پرۆژەی خزمەتگوزاری و بێکاری لە گوندەکەیان ماڵی خۆی و دایکی لە گوندەکە باردەکەن و لەسەر خانووەکەیانی نووسیووە بۆ فرۆشتن. 
 
حەسەن رەسووڵ، دانیشتوویەکی گوندی قادراوایە و دەڵێت: بێزاربووم لەم گوندە، هیچ خزمەتگوزارییەکی نییە، زستانان منداڵەکەم بەناو قوڕدا دەچێتە قوتابخانە، رێگاوبان هەموو قوڕە، لەبەر ئەوە بڕیارمداوە بڕۆم، ئێستا باردەکەم. 
 
خدر حەمەد، دانیشتوویەکی گوندی قادراوایە و دەڵێت: قیرکردن نییە، هەر کەسەوە لە نزیک ماڵی خۆی چەو رێژدەکات لەبەر قوڕ.
 
گوندەکە 53 ساڵە ئاوەدانکراوەتەوە، ئێستا نزیکەی 400 ماڵن. زیاتر لە 100 ماڵی گوندی قادراوا، بەهۆی نەبوونی پرۆژەی خزمەتگوزاری و بێکاری ماڵەکانیان چۆڵکردووە.
 
لە قوتابخانەی بنەڕەتی گوندەکە نزیکەی 130 قوتابی لەناو قوڕ و لیتە، لە شەش پۆلی قوتابخانەکە، لە کابینەدا وانەکانیان دەخوێنن. 
 
خدر ئەحمەد، بەڕێوەبەری قوتابخانەی شاری بنەڕەتی گوتی: بە راستی ئەوە قوتابخانە نییە، سوپاس بۆ مامۆستاکان لەم دۆخەدا لەگەڵمان بەردەوامن، بە راستی بارودۆخمان زۆر خراپە. 
 
بەرێوەبەری شارۆچکەی سەنگەسەر دەڵێت، نەبوونی پارە لە بانکە حکومییەکان، هەموو پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی لە سنوورەکەدا راگرتووە. 
 
نەهرۆ عەبدوڵڵا، بەرێوەبەری شارۆچکەی سەنگەسەر بە رووداوی گوت: لە رێگەی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە چەندینجار داوامان لە حکومەت کردووە، بۆ سەرەتایترین پرۆژە کە رێگەوبانە وەڵامیان نەداوینەوە. 
 
بۆ قیرکردنی گەڕەکەکان، بنکەی تەندروستی و پرۆژەی ئاوەڕۆی ماڵان و ئاودێری سەنگەسەر - قادراوا و نۆژەنکردنەوەی شەقامە تەواو نەکراون، نزیکەی ملیارێک دینار پێویستن. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە