قایمقامیەتی هەولێر: هەر کەسێک نرخی کاڵا و شتوومەک گران بکات، سزا دەدرێت

09-03-2019
سەرباز سیامەند
نیشانەکردن هەولێر
A+ A-

رووداو - هەولێر

قایمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر رایگەیاند، دوای ئەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری هەڵوەشانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی راگەیاند، بەهیچ شێوەیەک قبووڵناکرێت بازرگانان و کاسبکاران گۆڕانکاری لە نرخی کاڵا و شتوومەک بکەن و شتەکانیان گران بکەن.

قایمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر، لە راگەیێندراوێکدا، دەڵێت: "بەپێویستی دەزانین ئاگاداری سەرجەم بازرگان و کاسبکارانی سنووری پارێزگای هەولێر بکەینەوە، کە بەهیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێ گۆڕانکاری لەنرخی کاڵا و شتوومەک بکرێت و ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخ."

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە ''بەهۆی هەڵگرتنی پاشەکەوتی مووچەوە هەركەسێک سەرپێچی بکات لە بەرزکردنەوەی نرخی کاڵا و شتوومەک بەپێی یاسا بە تووندترین شێوە رێکاری یاسایی بەرامبەر دەکرێت".

ئاماژە بەوەشدراوە سەرجەم لیژنەکانی قایمقامیەتی هەولێر بەوردی چاودێری بازاڕ دەکەن بۆ ئەم مەبەستە و داوا لە هاووڵاتیان دەکەین هەرشوێنێک گۆڕانکاری لە نرخەکاندا کرد، قایمقامیەتی هەولێر بەم ژمارە تەلەفۆنانە ئاگادار بکەنەوە:

07502224466
07502224488

راگەیێندراوەکەی قایمقامیەتی قەزای هەولێر دوای ئەوە هات، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری هەڵوەشانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی راگەیاند.

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە