رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناحیەی رۆڤیا رایدەگەیێنێت، پار چەندین پرۆژەی خزمەتگوزارییان لە ناوەندی ناحیەکە و گوندەکان جێبەجێ کراون کە بەهاکەیان نزیکەی حەوت ملیار و 500 ملیۆن دینار بوون. دەشڵێت، ئەگەر کوژاندنەوە بۆ سنوورەکەیان نەکرێت، گرفت بۆ دابەشکردنی زەویی فەرمانبەران دروست دەبێت.
مەنهەل موەفەق، بەڕێوەبەری ناحیەی رۆڤیا لە سنووری پارێزگای دهۆک میوانی بەرنامەی مژار بوو لە رادیۆی رووداو، باسی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنوورەکەیان کرد و گوتی، گرنگترین پرۆژە بۆ ناحیەکەیان رێگەی دووسایدی ناوەندی ناحیەکەیە کە درێژییەکەی 2.2 کیلۆمەترە و ئێستا لە قۆناخی جێبەجێکردندایە و زیاتر لە 12٪ی تەواو کراوە کە 4.799 ملیار دیناری تێدەچێت.
گوتیشی، کەمتر لە کیلۆمەترێکی رێگەی رۆڤیا-ئاکرێ ماوە ئەویش دەکرێتە دووساید و هەر لە سێکتەری رێگەسازی و دروستکردنی شەقام چەندین کۆڵانی ناوەندی ناحیەکە و گوندەکانی (خەرابەواش، ئیسماوا، شوێخانۆک و جووجەر) قیرکراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، پار قوتابخانەیەک لە ناوەندی ناحیەکە دروستکراوە و بینای باخچەی ساوایانیش نۆژەنکراوەتەوە، جگە لەوانەش کارەبای 24 کاژێری بۆ بیرەکانی ئاو دابینکراوە.
لەبارەی بەهای ئەو پڕۆژانەی لە ناحیەی رۆڤیا جێبەجێ دەکرێن، مەنهەل موەفەق دەڵێت، کۆی گشتی ئەو پڕۆژانەی خراونەتە واری جێبەجێکردنەوە بەهاکەیان حەوت ملیار و 500 ملیۆن دینارە کە بەشی زۆری پرۆژەکان تەواوکراون و بەشێکیشیان کارکردن تێیاندا بەردەوامە.
نزیکەی 50 گوند دەکەونە سنووری ناحیەی رۆڤیا، بەگوتەی بەڕێوەبەری ناحیەکە، رێگەی هەشت گوندیان پێویستی بە چاککردنە، وەکو ئیدارەی ناحیەکە دەرخستەیان ئامادەکردووە بۆ ئەوەی رێگەکان چاکبکرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، رەزامەندی لەسەر دروستکردنی قوتابخانەیەکی 12 پۆلی بۆ گوندی قەرەناز دراوە، چاوەڕوانن جێبەجێ بکرێت.
لەبارەی پلانیان بۆ ئەم ساڵ، بەڕێوەبەری ناحیەی رۆڤیا دەڵێت، نزیکەی 70٪ی گەڕەکەکانی ناحیەکە قیرتاو و کۆنکرێت نەکراون، لەکاتی تەخانکردنی هەر بوودجەیەک بۆمان کاری سەرەکیمان ئەو پرۆژانە دەبێت کە زۆر پێویستن بە گوێرەی ریزبەندی.
نزیکەی 10 ساڵە بینای نەخۆشخانەی منداڵبوونی رۆڤیا تەواوکراوە و هێشتا ئامێر و پزیشکی بۆ دابین نەکراوە. مەنهەل موەفەق دەڵێت "ناحیەکەیان پێویستی زۆری بەو نەخۆشخانەیە، بۆیە نووسراویان بۆ پارێزگای دهۆک کردووە و ئەوانیش بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانیان بەرز کردووەتەوە."
بینای نەخۆشخانەکە لە ساڵی 2017 تەواو کراوە. بەڕێوەبەری ناحیەی رۆڤیا دەڵێت: "بۆ ئەوەی بکەوێتە کار، پێویستی بە 20 پزیشک، کارمەند و خزمەتگوزارە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامی نووسراوەکەیان نەدراوەتەوە."
ناحیەی رۆڤیا لەڕووی کارگێڕییەوە سەر بە قەزای بەردەڕەشە لە پارێزگای دهۆک و لەساڵی 2007وە بووەتە ناحیە. بەگوتەی مەنهەل موەفەق، رۆڤیا کە لە 2007وە بووەتە ناحیە، تاوەکو ئێستا کێشەی کوژاندنەوەی زەوییەکانی هەیە نەکراوەتە ناوی وەزارەتی شارەوانییەوە.
لەبارەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، دەشڵێت، " ئەگەر بابەتی کوژاندنەوە و گۆڕینی رەگەزی زەوی لەم دوو مانگەدا چارەسەر نەکرێت فەرمانبەرانی رۆڤیا لە بەردەڕەش زەوی وەردەگرن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ