رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 20 رۆژە نووسینگەی کاروباری دەرهێنانی کارتی نیشتمانی لە کەمپەکان کراوەتەوە، بەڵام بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک دەڵێت، "بەهۆی هەندێک کێشەی تەکنیکییەوە تاوەکو ئێستا پرۆسەکە دەستی پێنەکردووە."
16-12-2024، ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، کردنەوەی نووسینگەیەکی بۆ جێبەجێکردنی کاروباری دەرهێنانی کارتی نیشتمانی بۆ ئاوارەکان لە کەمپی شاریا راگەیاند، بەڵام تاوەکو ئێستا دەست بە مامەڵەکان نەکراوە.
رۆژی پێنجشەممە، 09ی کانوونی دووەمی 2025، پیردەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی هەندێک کێشەی تەکنیکی لە بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامەی دهۆک، مامەڵەی دەرهێنانی کارتی نیشتمانی بۆ ئاوارەی کەمپەکان دەستی پێنەکردووە."
زیاتر لە 20 هەزار ئاوارە لە کەمپەکان هەن. بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک دەڵێت: "ئەو ئاوارانەی دەیانەوێت کارتی نیشتمانی دەربهێنن، سەرەتا پێویستە ناویان تۆماربکرێت، دواتر کاتێکیان بۆ دادەندرێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن، تاوەکو مامەڵەکانیان بکەن."
بە گوتەی پیردەیان جەعفەر، "تاوەکو پاڵەپەستۆ دروست نەبێت، لە بەیانیان تاوەکو کاژێر 02:00ی نیوەڕۆ مامەڵەی خەڵکی دهۆک بەڕێدەکرێت، لە دوای کاژێر 02:00 دەست دەکرێت بە مامەڵەی ئاوارەکان کە مادەی 140 دەیانگرێتەوە بۆ ئەمەش پێویستە فەرمانبەری ئێواران دابندرێت و ئەمەش پرۆسەکەی دواخستووە".
لەبارەی کاتی دەستپێکردنی مامەڵەی کارتی نیشتمانی لە ناو کەمپەکان، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک گوتی، "بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەستپێبکرێت و کێشەکان چارەسەربکرێن."
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک ئاماژەی بەوەدا، رۆژانە بە هاوکاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامە و باری شارستانیی دهۆک، 100 کارتی نیشتمانی دەردەهێنێت، تاوەکو ئێستا لە کەمپی شاریا 100 فۆرم و قادیە 100 فۆرم دراوە.
لە ساڵی 2014 داعش هێرشی کردە سەر شنگال، زیاتر لە 360 هەزار کەس بەو هۆیەوە ئاوارە بوون، بەشێک لەوان چوونە دەرەوەی وڵات و بەشێکی دیکەشیان گەڕانەوە. بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان، هێشتا 200 هەزار دانیشتووی شنگال لە ئاوارەیدا دەژین.
ئاوارەکانی شنگال لە پارێزگای دهۆک لە 14 کەمپ و شوێن نیشتەجێکراون و بەشێکیشیان لە دەرەوەی کەمپەکان لە سنووری پارێزگاکە دەژین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ