رووداو دیجیتاڵ
پێدانى پاسپۆرتى دیپلۆماسی بە پەرلەمانتارانى کوردستان لە هەموارى یاسای پاسپۆرتى عێراق زیاد دەکرێت، کە تەنیا دەنگدانى ماوە بۆ ئەوەى کارا بێت.
لە هەموارى یاساى پاسپۆرتى عێراق کە ئێستا لە پەرلەمانى عێراقە، مادەیەک بۆ یاساکە زیاد کراوە و تێیدا ئەو کەسانە دیاری دەکرێن کە پاسپۆرتى دیپلۆماسییان پێ دەدرێت.
بەگوێرەى پڕۆژەیاساکە کە لە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقەوە بۆ پەرلەمان نێردراوە، هەریەک لە سەرۆکى هەرێمى کوردستان، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و جێگرانى و وەزیرەکانى حکومەت، ئەوانەش کە پلەى وەزیریان هەیە لە هەرێمى کوردستان پێدانى ئەو جۆرە پاسپۆرتە دەیانگرێتەوە.
سەگڤان سندی، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "لە گفتوگۆى لیژنەکەیان لەسەر ئەو هەموارە ئەوە زیاد کراوە کە پاسپۆرتى دیپلۆماسی بدرێتە ئەندامانى پەرلەمانى کوردستانیش، کە پێشتر لە پڕۆژەیاساکەدا نەبووە."
پێشتر تەنیا رێنوێنییەک هەبووە بۆ پێدانى ئەو جۆرە پاسپۆرتە و لەلایەن وەزارەتى دەرەوە دراوە، بە پەسندکردنی یاساکە وەکو خۆی، بۆ یەکەمجار پەرلەمانتارانى کوردستان ئەو جۆرە پاسپۆرتەیان پێدەدرێت.
سەگڤان سندى گوتى: "پڕۆژەیاساکە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمى بۆ کراوە و بڕیارە بەم نزیکانە بخرێتە دەنگدانەوە."
ئەو پۆستانەى کە پاسپۆرتى دیپلۆماسی وەردەگرن، بریتین لە سەرۆککۆمار، جێگرانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و جێگرانى، ئەندامانى پەرلەمانى عێراق و سەرۆک و جێگرانى سەرۆکى پەرلەمان، ئەمیندارى گشتیی ئەنجوومەنى وەزیران و سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتیی کۆمار، سەرۆکى دیوانى پەرلەمان، راوێژکارانى سەرۆکایەتیی کۆمار و حکومەت و پەرلەمان، فەرمانبەرانى کەرتى دیپلۆماسیی عێراق.
پێشتر لە ساڵى 2011 حکومەتى فیدراڵى رێنوێنییەکی دەرکردووە لەبارەى ئەو کەسانەى کە پاسپۆرتى دیپلۆماسییان پێدەدرێت، رێنوێنییەکە بەشێک لەو کەسانەى گرتووەتەوە کە ئێستا بۆ هەموارى یاساى پاسپۆرتى عێراق زیادکراون.
پاسپۆرتى دیپلۆماسی بۆ ئاسانکاریی هاتووچۆى هەڵگرانی پاسپۆرتەکەیە لە فڕۆکەخانەکان لە کاتی گەشتکردنیان بۆ دەرەوەی وڵات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ