رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ رایگەیاند، ئەم ساڵ بەرهەمی سماق بەراورد بە پار نزیکەی 500 تۆن زیادی کردووە و 4000 تۆن بەرهەمی سماقیان هەبووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 8ی تشرینی یەکەمی 2024 ئەندازیار فازڵ مستەفا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ساڵی پار سێ ملیۆن و 470 هەزار دار سماق لە ئاکرێ هەبوون، ئەم ساڵ بۆ سێ ملیۆن 500 هەزار زیادی کردووە."
سەبارەت بە بەرهەمی ئەم ساڵی سماق، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ گوتی، "ئەم ساڵ نزیکەی 4000 تۆن سماقمان هەبوو، لە کاتێکدا پار سێ هەزار و 500 تۆن سماق بەرهەمهێندرابوو، بەراورد بە ساڵی پار نزیکەی 500 تۆن زیادی کردووە."
ئاکرێ، سماقەکەشی هاوشێوەی هەنجیرەکەی بەنێوبانگە، سێ جۆر سماقی هەیە کە ئەوانیش سپی، ئالیکی و سوورن.
بە گوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ، ئەم ساڵ نرخی سماق بەرزبووەتەوە، بەتایبەتی سماقی سپی کە باشترین جۆری سماقە، ساڵی پار نرخی یەک کیلۆ لە بازاڕەکاندا 5 بۆ 6 هەزار بوو، ئەم ساڵ نرخی کیلۆیەک لەم سماقە بە 7 بۆ 8 هەزارە، جۆرەکانی دیکەش نرخەکەیان لە نێوان 3 هەزار بۆ 4 هەزار دینارە.
سەبارەت بە هەنارەکردنی بەرهەمی سماق ئەندازیار فازل مستەفا گوتی، "ساڵانە بەرهەمە نێوخۆییەکان ، بێگومان سماقیش یەکێکە لەوە بەرهەمەنە کە لە لایەن کۆمپانیایێکەوە هەناردە دەکرێن، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئاسانکاریان بۆ دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ