بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی: بڕیارمان نەداوە لەگەڵ کۆمەڵ یەکبگرین

08-10-2024
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند، رێککەوتنیان لەگەڵ کۆمەڵی دادگەریی کوردستان تەنیا لە سنووری بازنەی هەڵەبجەیە بۆ ئەم هەڵبژاردنە و هیچ پلانێکیان نییە بۆئەوەی تێکەڵ بە کۆمەڵ ببن.
 
سێشەممە 8ی تشرینی یەکەمی 2024 محەممەد بازیانی، گوتەبێژی بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەگەڵ کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بۆ هەڵبژاردن رێککەوتنێکمان لە بازنەی هەڵەبجە کردووە و لەوێ ئێمە دەنگ بە بەربژێری ئەوان دەدەین، بەڵام لە بازنەکانی دیکە لیست و بەربژێری خۆمان هەیە."
 
گوتەبێژی بزووتنەوەکە ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە، کە باس لە یەکگرتنی ئەو دوو حیزبە دەکەن و گوتی، "تاوەکو ئێستا هیچ پلان و بەرنامەیەکمان نییە بۆئەوەی حیزبەکانمان ببنە یەک، بەڵام ئامانجی ئیسلامییەکان هەر یەکە."
 
رۆژی 23-09-2024، کۆمەڵى دادگەریی کوردستان و بزووتنەوەى پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییان کرد و تێیدا بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی کشانەوەی خۆی لە بازنەی هەڵەبجە راگەیاند و گوتی: "پاڵپشتیی لیستی کۆمەڵی دادگەری دەکەین."
 
بزووتنەوەى پەیوەندیی ئیسلامیى کوردستان رایگەیاند، "لە سۆنگەی پەرتنەبوونی دەنگ و مسۆگەرکردنی پێگەی ئیسلامییەکان لە هەڵەبجە، بڕیارمان داوە، لە هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەى پەرلەمانى کوردستاندا، دەنگ بە لیستى کۆمەڵى دادگەری و بەربژێرەکانی بدەین."
 
کۆمەڵى دادگەریى کوردستان، هەڵوێستى بزووتنەوەى پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستانی بەرز نرخاند و هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا قەڵغانی رێزى پێشکێشی بەربژێرانی لیستى بزووتنەوەى پەیوەندى کرد.
 
گۆران نووری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەى پەیوەندیی ئیسلامیى کوردستان بە رووداوی گوت، "لە سنووری بازنەی هەڵەبجە سێ کورسی هەن؛ بەپێی پێشبینییەکان دوو کورسی یەکێتی و یەکگرتوو بەدەستی دەهێنن. ئەو کورسییەی دەمێنێت پارتی، نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەری رکابەری لەسەر دەکەن."
 
3ـی ئۆکتۆبەری 2023، کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بەڕێوەچوو؛ عیرفان عەبدولعەزیز بە فەرمی بە رابەر هەڵبژێردرایەوە و کامیل حاجی عەلی و کۆمەڵێک لە بەرپرسانی دیکەی حیزبەکە کۆنگرەکەیان بایکۆت کرد و دواتر رایانگەیاند، لەژێر ناوی حیزبێکی نوێدا بەناوی "بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی" کار دەکەن.
 
رۆژی دووشەممە، 18ـی 3ـی 2024، کۆنگرەی بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان کۆتاییهات و ئەنجامەکەی لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە پەسندکرا. دوای تەواوبوونی کۆنگرەکەیان، بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، دەرەنجامی کۆنگرەی خۆی لە هەولێر راگەیاند. کامیلی حاجی عەلی بە رابەری بزووتنەوەکە هەڵبژێردرا
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە