رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، لیست و بەربژێرانى سەربەخۆى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانى ناچارکردووە ژمێریار بۆ خەرجیى بانگەشە و سەرچاوە داراییەکانیان دابنێن و دواى هەڵبژاردن راپۆرت بدەنە کۆمیسیۆن.
بە گوێرەى مادەى 10ى رێنمایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ (بەرزتریين ئاستى خەرجى بانگەشەى هەڵبژاردن) کە لە ساڵى 2023 دەریکردووە، پێویستە سەرجەم حیزب، هاوپەیمانێتى و بەربژێرانى سەربەخۆ، ژمێریارێکى دارایی دیاری بکەن کە کاروبارى دارایی تایبەت بە هەڵمەتى هەڵبژاردن رێکبخات و سەرجەم خەرجییەکان تۆماربکات و راپۆرتى دارایی لەو بارەیەوە پێشکێش بکات.
عمیاد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "دواى راگەیاندنى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، دەبێ حیزب، هاوپەیمانێتى و بەربژێرەکان راپۆرتى داراییان لەسەر خەرجى بانگەشە بە پسوولەوە بدەنە فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى سەر بە کۆمیسیۆن، تاوەکو لە رێگەى لیژنەیەکى تایبەتەوە وردبینییان بۆ بکرێت".
بەگوێرەى رێکارەکانى کۆمیسیۆن، پارەى رێگەپێدراو بۆ خەرجکردن لەلایەن پارت و هاوپەیمانێتییەکانەوە بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن، لەسەر بنەمایەک دیاری دەکرێت، کە 250 دینار کەڕەتى ژمارەى دەنگدەرانى بازنەکە دەکرێت و لە هەمان کاتیشدا کەڕەتى ژمارەى بەربژێرانى لیستەکە دەکرێت، ئەو پارەیەى دەردەچێت رێگەپێدراوە بۆ ئەوەى بەربژێرانى ئەو لیستە بۆ بانگەشە خەرجى بکەن.
هەرچى پارەى بەربژێرى سەربەخۆیە، لەسەر ئەو بنەمایە دیاری دەکرێت، کە 250 دینار کەڕەتى ژمارەى دەنگدەرانى خاوەن کارتى بایۆمەترى دەکرێت لەو بازنەیەى خۆى تێیدا بەربژێرکردووە و پارەکە چەند دەرچوو دەبێت لەوە زیاتر خەرج نەکات.
عیماد جەمیل دەڵێ: "ئەگەر هەر بەربژێر، پارت و هاوپەیمانێتییەک ئەو راپۆرتە پێشکێش نەکات، کۆمیسیۆن رێکاری یاسایی دژى دەگرێتەبەر."
20ى ئەم مانگە دەنگدانى گشتیى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانە، رۆژێک دواتر ئەنجامى بەرایی هەڵبژاردنەکە رادەگەیێندرێت.
ئەو ژمێریارەى خەرجى بانگەشە رێکدەخات و تۆماریان دەکات، دەبێ پسپۆڕى ژمێریاری و دەرچووى زانکۆ بێت، لە راپۆرتەکەیدا ئەو خەرجییە هەبێت کە بۆ بانگەشە پێیان دراوە، لەگەڵ کۆى خەرجى لەکاتى بانگەشەدا.
میران محەممەد، رێگەپێدراوى یاسایی رەوتى هەڵوێست بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "هێشتا رێنماییەکانمان لەبارەی ژمێریارەوە بۆ نەهاتووە، هەرکات کۆمیسیۆن ناردی جێبەجێى دەکەین".
بەگوێرەى رێکارەکەى کۆمیسیۆن دەبێت بەربژێر یان رێگەپێدراوى یاسایی پارت و لیست و هاوپەیمانێتییەکان لەگەڵ ژمێریارییەکان واژۆیان لەسەر راپۆرتى خەرجى دارایی بانگەشە کردبێت.
بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 25ى ئەیلوول دەستیپێکرد و تاوەکو 15ى تشرینى یەکەم بەردەوام دەبێت، 1191 بەربژێرى سەربەخۆ و پارت و هاوپەیمانێتییەکان رکابەريى دەکەن بۆ بەدەستهێنانى 100 کورسى پەرلەمان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ