ئەمڕۆ بەبەشداریی هەزاران کەس لە بەردەم قەڵای هەولێر و نێو بازاڕ یادی مەولوودی پێغەمبەری ئیسلام، محەممەد (د.خ) کرایەوە.
ئامادەبووان بە گوتنەوەی سروودی ئایینی بە جۆش و خرۆشەوە یادی مەولوودی پێغەمبەریان کردەوە. پیاوانی تەریقەتیش بە گوتنەوەی سروودی ئایینی بەشدارییان لە رێوڕەسمەکە کرد.
دیمەنێكی دیکەی یادەکە بەخشینی شیرینی بوو لەلایەن کاسبکاران و بەشێک لە هاونیشتمانییان.
سەرەتای سەرهەڵدانی یادكردنەوە و بەڕێوەچوونی مەولوودی پێغەمبەر بە فەرمی، وەك نەریتێكی موسڵمانانە و رێزلێنان لە یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام، بۆ نزیكەی 800 ساڵ پێش ئێستا لە سەردەمی سوڵتان موزەفەرەدین کۆکبری، حاكمی ئەوکاتی شاری هەولێر دەگەڕێتەوە.