کوردستان
هێزە دەریاییەکانی تونس دەست بەسەر بەلەمێکی کۆچبەراندا دەگرن کە دەیانەوێت بگەنە وڵاتانی ئەورووپا. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان لە تونس دەستگیرکراون، کە دیارترینیان گرووپێکی 16 کەسین و خەڵکی پارێزگای سلێمانین. بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت: "سبەی دادگایی دەکرێن، بەڵام ئازاد دەکرێن."
زیاتر لە مانگێکە 16 کەس لە تونس دەستگیرکراون کە 14 یان خەڵکی سنووری پارێزگای سلێمانین و بۆ گەیشتن بە ئەورووپا چووبوونە تونس. عومەر بەرزنجی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سبەی ئەو 14 کەسە دادگایی دەکرێن."
بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق کە کوردە و بەدواداچوونی بۆ کەیسی ئەو هاونیشتمانییانە کردووە، دەڵێت: "ئەو کەسانە هەڵخەڵەتێندراون بە ناوی ئەورووپاوە، ئەگەر حوکمیش بدرێن راستەوخۆ ئازاد دەکرێن، چونکە حوکمەکەیان یەک مانگ دەبێت و ئەوان زیاتر لە مانگێکە زیندانیکراون."
بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، "لەم ماوەیەدا دوو گرووپی دیکەی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە تونس دەستگیرکراون کە 10 کەس بوون و هەموویان ئازاد کراون."
عومەر بەرزنجی گوتیشی، "هاونیشتمانییەکی دیکە بە تۆمەتی ساختەکاری دەستگیرکراوە و هەشت مانگ حوکم دراوە، چوار مانگی بەسەر بردووە و چوار مانگی دیکە ئازاد دەکرێت."
14ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ تونس لابردنی ڤیزەی لەسەر هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقی راگەیاند. عومەر بەرزنجی دەڵێت، سوودوەرگرتن لە نەمانی ڤیزە بەوشێوەیە بۆ کۆچبەری، کێشە بۆ ئەو رێککەوتنە دروست دەکات کە لەنێوان عێراق و ئەو وڵاتەدا کراوە بۆ لابردنی ڤیزە.
تونس یەکێکە لەو وڵاتانەی کۆچبەران بەکاریدەهێنن بۆ ئەوەی بە دەریای نێوەڕاستدا بپەڕنەوە و خۆیان بگەیێننە وڵاتانی ئەورووپا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ