رووداو دیجیتاڵ
فیتەر و پیشەوەرانی بازاڕی حەسیرەکەی کەرکووک، لە دژی پێچۆڵکردنی دووکان و دەستگیرکردنی هاوپیشەکانیان، خێوەتیان هەڵدا و مانیان گرت. ئیدارەی کەرکووک دەیەوێت ئەو پیشەوەرانە لە بازاڕەکە دەربکات و بیانبات بۆ ناوچەی پیشەسازیی نوێ کە کەرتی تایبەت دروستی کردووە و پیشەوەرانیش بەمە رازی نین.
چالاک مەجید، خۆپێشاندەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دووکانەکان تەقیوە، هەر دووکانێک بە سێ دەفتەر دروست دەبێت. ئەگەر من سێ دەفتەرم هەبێت، ئێستا دەڕۆم بۆ دەرەوەی وڵات بۆ لێرە دەبم. ئەم ناوچەیە کوردییە. نەڕۆیشتوون بۆ لای هیچ شوێنێکی دیکە. بەس بۆ ئێرە دێن، کەرکووک ساحێبی نییە، وەکو بەعس شورتە دێت دەتگرێت."
جومعە ستار، خۆپێشاندەرێکی دیکەیە و باس لەوە دەکات، "ئێستا من هەمە و دەتوانم، بەڵام کەسی وا هەیە نیەتی و ناتوانێت بیسەنێت، بە کرێش ناتوانێت بیگرێت، من سەرەم هەیە، بەڵام شاگرد و خلفە هەیە، وەستا هەیە سەیارەی نییە بە چی بڕوات بۆ ئەوێ؟"
بۆ چۆڵکردنی دووکانەکان، پۆلیسی کەرکووک 13 فیتەریان دەستگیر کردووە و کارەبای سەرەکیی بازاڕەکەیان بڕیوە. دووکاندارەکانیش دەڵێن، تاوەکو کێشەکەیان چارەسەر نەکرێت، بەردەوام دەبن لە مانگرتن.
جەبار مەحموود، فیتەر بە رووداوی گوت، "بەمن دەڵێت وەرە دەرچۆ لەوێ بە پارە پێت دەفرۆشم، هی یەک کەسیشە، بەڵام ئایا وەبەرهێن بەزۆر دەبێ بتکاتە ناوی؟ شتی وا هەیە؟"
کاروان سەمەد، خۆپێشاندەر باسی لەوە کرد، "دوێنێ منداڵی عالەمیان گرتووە هەتا ئێستاش لە زیندانە. شەش کەس لە زیندانن. شاگردێک هاتووە بە 30 هەزار ئیش دەکات، ئێ خۆ دەبێت شوێنیان بۆ دابین بکات، خەڵک بەغدایە و هاتووە زەوی هەیە، گەراجی هەیە، خۆ بەم فەقیرانە نەدراوە."
هێزێکی زۆری پۆلیس و چالاکی مەدەنی لە بازاڕەکە بڵاوەی پێکرابوو. پۆلیس دەڵێت، ئەم مانگرتن و خێوەت هەڵدانە، بێ مۆڵەتە و رێگە بە بەردەوامبوونیان نادەن. يوسف ساڵح، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی ئازادی گوتی، "خێمەکە دەبێت هەڵبگیرێت، چونکە خێمەکە دەبێت مۆڵەتی هەبێ، دەبێ مۆڵەت لە پارێزگا وەربگیرێت."
بازاڕی حەسیرەکەی کەرکووک، 680 دووکان لەخۆدەگرێت و دەکەوێتە چەقی شارەکە، زۆرینەی پیشەوەرانی کوردن و زیاتر لە 40 ساڵە شوێنی چاکردنەوە و فرۆشتنی پێداویستیی ئۆتۆمبێلە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ