فیتەرەکانی بازاڕی حەسیرەکەی کەرکووک دژی گواستنەوەیان بۆ دەرەوەی شار خێوەتیان هەڵدا

08-08-2023
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
گردبوونەوەی فیتەرەکانی بازاڕی حەسیرەکەی کەرکووک.
گردبوونەوەی فیتەرەکانی بازاڕی حەسیرەکەی کەرکووک.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پیشەوەرانی بازاڕی حەسیرەکەی کەرکووک دژی گواستنەوەیان بۆ دەرەوەی شار خێوەتیان هەڵدا و بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسیش دەڵێت، "بە هیچ شێوەیەک رێگەیان پێنادەین بێ مۆڵەتی خۆپێشاندان، شەقام بگرن."
 
ناوچەیەکی پیشەسازیی نوێ لەلایەن کەرتی تایبەتەوە لە شاری کەرکووک دروستکراوە و لیژنەی لابردنی زێدەڕۆکانی کەرکووکیش دەیەوێت سەرجەم فیتەرەکانی نێو شار بگوازێتەوە بۆ ئەو ناوچە پیشەسازییە؛ داوا لە فیتەرەکانی بازاڕی حەسیرەکەی کەرکووکیش کراوە شوێنەکانیان چۆڵ بکەن؛ فیتەرەکان بەو بڕیارە رازی نین و چەند مەرجێکیان هەیە.
 
سێ رۆژە لیژنەی لابردنی زێدەڕۆییەکانی قایمقامیەتی قەزای ناوەندی کەرکووک شەقامە سەرەکییەکانی بازاڕی حەسیرەکەی داخستووە و ئەوەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتی پیشەوەران و ئەمڕۆ سێشەممە، 8ـی ئابی 2023 وەک ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەو بڕیارە، خێوەتیان لە شەقامە سەرەکییەکە هەڵدا. بەشێکیان دەڵێن، "ئەگەر بڕیارەکە گشتی بێت و هەموو شوێنەکانی کەرکووک بگرێتەوە، ئێمەش ناوچەکە جێدەهێڵین".
 
خۆپێشاندەرێک بە رووداوی گوت، "لە 16ـی ئۆکتۆبەرەوە ئەوە دۆخی ئێمەیە لە کەرکووک و کەس خۆمان لێ بە خاوەن ناکات. دوێنێ پۆلیس هات و 26 کەسیان لێ گرتین. ئەوان تاوەکو ئێستاش لە گرتووخانەدان و بەرنەدراون".
 
یەکێکی دیکە لە خۆپێشاندەرەکان گوتی، "دوێنێ هێزە ئەمنییەکان هاتن و 26 کەسیان دەستگیرکرد. پێیان گوتین نابێت تایە لە شەقام بسووتێنن و گوتیان ئەگەر خێوەت هەڵبدەن، رێگریتان لێ ناکەین، بەڵام ئەمڕۆ ئەوەتا خێوەتمان هەڵداوە و دیسان دەیانەوێت بڵاوە بە خۆپێشاندانەکەمان بکەن".
 
عەقید یوسف، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی ئازادی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، "دەمانەوێت خۆپێشاندەران خێوەتەکەیان لە شەقامەکە هەڵبگرن، لەبەر ئەوەی مۆڵەتی خۆپێشاندانیان وەرنەگرتووە و خۆپێشاندان و گرتنی شەقامیش بێ مۆڵەت رێگەپێدراو نییە".
 
بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی ئازادی رەتیدەکاتەوە، خۆی داوای لە خۆپێشاندەران کردبێت لە شەقامەکە خێوەت هەڵبدەن و دەڵێت، "دەبێ بڕۆن بۆ پارێزگا و مۆڵەتی خۆپێشاندان وەربگرن، ئەو کات ئێمە بەرپرسیاریەتی پاراستنیان هەڵدەگرین. دوێنێش کە خۆپێشاندانیان کرد، هاتم و بە خۆپێشاندەرانم گوت، بچن لە پارێزگا مۆڵەت وەربگرن بۆ ئەوەی ئێمەش وەکو هێزەکانی پۆلیس بتانپارێزین".
 
عەقید یوسف هەڕەشەی بڵاوەپێکردنی خۆپێشاندانەکە دەکات و دەشڵێت، "بێ مۆڵەت بە هیچ شێوەیەک رێگەیان پێنادەین خێوەت لە شەقامەکە هەڵبدەن، لەبەر ئەوەی هیچ کەسێک بۆی نییە رێگە و شەقامەکان بگرێت".
 
لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا ئەوە سێیەم جارە لیژنەی زێدەڕۆییەکانی قایمقامییەتی قەزای ناوەندی کەرکووک دەچێتە سەر ناوچە پیشەسازییەکە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو پانێلی وزەی خۆر لەسەر دوو ماڵی گوندەکە دەبیندرێن. وێنە: رووداو

گوندێکی کەرکووک کارەبایان لەڕێگەی وزەی خۆرەوە دابینکردووە و موەلیدەیان نییە

لە گوندێکی سنووری کەرکووک موەلیدەی ئەهلی نییە و دانیشتووانەکەی بۆ دابینکردنی کارەبا پشت بە وزە خۆر دەبەستن. حکومەتی عێراق بڕی 10 تاوەکو 30 ملیۆن دینار بە قەرزی 5 ساڵ بە هەر ماڵێک دەدات کە بیانەوێت سیستمی پانێلی وزەی خۆر بۆ دابینکردنی کارەبا بەکاربهێنن