میسر و هەرێمی كوردستان

08-07-2013
هادی علی
نیشانەکردن د.هادی علی
A+ A-
ئەوەی لەم رۆژانەدا لە میسر روویدا نەك تەنیا كودەتا بوو، بەڵكو بە هەموو پێوەرێك كارەساتێكی گەورە بوو روویكردە شۆڕشی 25ی یەنایەر و شۆڕشەكانی دیكەی بەهاری عەرەبی بە گشتی و رەوتی دیموكراسی لەو وڵاتەدا بەتایبەتی.

دەرهاویشتەكانیشی بێگومان سەرتاسەری ناوچەكە دەگرێتەوە. ئاكامە نەخوازراوەكانی ئەو كارەساتە كە هەموو لایەنەكان لێی بەرپرسیارن، بۆ میسر بەشێویەك دەبێت كە هەموو لایەنەكانی كێشەو قەیرانەكە لێی زەرەرمەند دەبن و پاشگەزبوونەوە بەشیان دەبێت، بەڵام دوای چی..؟ دوای ئەوەی كار لەكار ترازا، لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆن پاشگەز دەبنەوە كە نەیانتوانی مامەڵەی دروست لەگەلأ سەرۆكێكی هەڵبژێردراو بكەن و سێ ساڵی دیكە تەحەمولی بكەن لەبری (30) ساڵ تەحەمولكردنی ئاژاوەو دیكتاتۆریەت. سوپا پاشگەز دەبێتەوە، چونكە تەقدیر و خوێندنەوەیان بۆ رووداو و گۆڕانكارییەكان بەهەمان پێودانگی نیو سەدە لەمەوپێش بوو.

دیارە كە برادەرانی ئیخوانیش پاشگەز دەبنەوە، چونكە مامەڵەی دروستیان لەگەڵ دەرفەتەكانی قۆناغەكەدا نەكردو نەیانتوانی بگەنە لێكتێگەیشتن لەگەلأ نەیارەكانیان و زەرەر لە نیوەی بگەڕایەتەوە زۆر باشتر بوو لەم چارەنووسە نادیارەی رووی كردووەتە میسر و خۆیشیان بەگشتی.

بارودۆخی میسر با لێگەڕێین بۆ خۆیان و رۆژانی داهاتوو، بەڵام سەیروسەمەرەكە لەوەدایە كە ئێمە لەهەرێمی كوردستان زیاد لە پێویست خۆمان پێوە سەغڵەت كردووە و بەشێوەیەكی ناهاوسەنگ مامەڵەی لەگەڵ دەكەین.

سەرەڕای ئەو قەیرانە سیاسییەی كە نزیكەی سێ ساڵە رووی كردووەتە پڕۆسەی سیاسی و هەموو لایەك پێوەی دەناڵێنن و لە دواڕۆژەكانی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیشدا مەخابن گەیشتە چڵەپۆپەی گاڵتەجاڕی بە پرەنسیپەكانی دیموكراسی و سفركردنی مسداقیەتی پەرلەمانە لەرزۆكەكەی كوردستان، كەچی لەگەلأ ئەوەشدا دەزگاكانی راگەیاندنی لایەنەكانی دەسەڵات بە تایبەتی و ئیسلامییەكانیش بە شێوەیەك مامەڵە لەگەڵ قەیرانەكەی میسر دەكەن وەك ئەوەی هەرێمی كوردستان هیچ قەیرانێكی نەبێت و قەیرانەكانی دەرەوەشی بۆ بگوازینەوە. ئەوەتا چۆنیەتی گواستنەوەی رووداوەكان و شیكردنەوەی هۆكار و دەرهاوێشتەكانی بە شێوازێكی زۆر عاتفیانە و تا رادەیەك نابابەتیانە و دوور لە گیانی پیشەیی بوون ئەنجام دەدرێت و كردوویانەتە بەشێك لە ململانێی ئایدیۆلۆژی و سیاسی و هەڵمەتی پێشوەختەی بانگەشەكردنی هەڵبژاردن.

بێ ئاگا لەوەی كە ئەگەر رەوتی رووداوەكان و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە بەم ئاراستە نادروست و نەخوازراوەدا بڕوات و هێزە سیاسییەكانی كوردستانیش ئەمە مامەڵە و ستراتیژیان بێت، ئەوا هیچ گەرەنتیەك نامێنێت بۆ پاراستنی ئەو ئاستە لە سەقامگیری و ئاوەدانیەی كە تائێستا بە دەستهێنراوە بە هەموو كەموكورتی و خاڵە لاوازەكانیشیەوە بە تایبەتی لەسەر ئاستی سیستەمی حوكمڕانیكردن و مامەڵەكردنی نادروست لەگەلأ سامان و دارایی وڵاتدا. ئەو كاتە هەموو لایەك زەرەرمەند دەبین و پاشگەز دەبینەوە بەڵام دوای چی؟ دوای ئەوەی خوا نەخواستە كار لەكار بترازێ و هەمووان ببینە كوردەكەی لە هەردوو جەژنە بوو! ئەوكاتە پاشگەزبوونەوەش هیچ دادێكی نابێت.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە