راگەیێندراوی فەرمی كۆبوونەوەكانی شاندی كوردستان لە بەغدا

08-04-2016
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی بەغدا عەبادی جۆن كێری فوئاد مەعسووم عەمار حەكیم
A+ A-
رووداو- هەولێر

رۆژی هەینی 8-4-2016، شاندێكی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و بەئەندامیەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران، فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكومەت سەردانی بەغدایان كرد.

سەردانەكە لەكاتێدابوو جۆن كێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە بەغدا بوو، شاندی كوردستانیش جگە لە كۆبوونەوە لەگەڵ ناوبراو، لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، د. قوئاد مەعسووم، سەرۆككۆماری عێراق، عەمار حەكیم، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق كۆبووەوە، پاشان شاندەكە گەڕایەوە هەولێر.

دەقی راگەیێندراوە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی كۆبوونەوەكان.

كیری به‌رده‌وامیی هاوكارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكای بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپاتكرده‌وه‌



پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 8 - 4 - 2016 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری كە لە بەڕێزان قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و سەفین دزەیی وتەبێژی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێكهاتبوو، بە یاوریی بەڕێز كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر، به‌ سەردانێك گه‌یشته‌ بەغدا.

له‌ سه‌ره‌تای سه‌ردانه‌كه‌یدا لەگەڵ بەرێز جۆن كیری؛ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و ژمارەیەك لە بەرپرسان و دیپلۆماتكارانی ئەمەریكا كۆبووەوە. لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی ناوچەكە و قەیرانی دارایی كە ڕووبەڕووی عێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی بووەتەوە و ڕەوشی ئەمنیی ناوچەكە و شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و هەنگاوەكانی داهاتووی نێوان بەغدا و هەولێر و هاوپەیمانان بۆ ئازادكردنی شاری مووسڵ لە دەستی تیرۆر و پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان، خرانە بەر باس و گفتوگۆ.

هەردوولا جەختیان لە پتەوتركردنی پیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا لە بوارە جیاجیاكاندا كردەوە و بەڕێز جۆن كیری؛ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئامادەییی وڵاتەكەی دەربڕی كە هاوكاریی عێراق و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی بكات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی. هەروەك بەردەوامیی هاوكارییەكانی وڵاتەكەی بۆ هێزی پێشمەرگە دەربڕی لە شەڕی دژی تیرۆردا و لەمبارەیەشەوە ڕۆڵی خەڵك و حكوومەت و هێزی پێشمەرگەی لە وەستاندنی مەترسیی تیرۆر و سەركەوتنە بەردوامەكانی پێشمەرگە بەسەر تیرۆرستانی داعشدا بەرز نرخاند.

هەروەها ڕۆڵی هاوپەیمانان لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش بەگشتی و ئەمەریكا بەتایبەتی و هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە و تاوتوێكردنی چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.


شاندی هەرێم جەختی لە مافە دەستووری و یاساییەكانی هەرێمی كوردستان كرده‌وه‌



له‌ به‌رده‌وامیی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ به‌غدا؛ ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 8 - 4 - 2016 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری لەگەڵ بەرێز حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدرال و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومەتی عێراق كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و قەیرانی دارایی و چۆنیەتیی تێپەڕاندنی قەیرانەكە و شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و ئازادكردنەوەی شاری مووسڵ لە تیرۆرستان و هەمانگیی زیاتری نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا لەوبارەیەوە، گفتوگۆی لەسەر كرا.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە پێكهاتەی نوێی حكوومەتی عێراق كرا و لەمبارەیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان ڕاشكاوانە هەڵوێستی هەرێمی كوردستانی خستە ڕوو كە پێویستە مافی دەستووری و یاسایی هەرێم لەبەرچاو بگیرێت.

شاندی هەرێمی كوردستان لە بەغدا لەگەڵ سەرۆككۆماری عێراق كۆبووەوە



هەر لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ بەغدا، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 8 - 4 - 2016 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری سەردانی بەرێز د. فوئاد مەعسووم سەركۆماری عێراقی فیدرالی كرد.

لە دیدارێكدا ڕەوشی ناوچەكە بەگشتی و عێراق و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی خرایە بەر باس و گفتوگۆ. هەردوولا هەماهەنگیی و هاوكاریی نێوان هەولێر و بەغدایان بۆ چارەسەركردنی كێشە و قەیرانەكان دووپات كردەوە و جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە سەرجەم كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا له‌ ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆوه‌ چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.

لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و ڕزگاركردنەوەی شاری مووسڵ و هەنگاوەكانی چارەسەركردن و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە داراییەی كە بەرۆكی عێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستانی بەتایبەتی گرتووە، هه‌روه‌ها پێكهاتەی نوێی حكوومەتی عێراق و ڕەچاوكردنی مافە دەستووری و یاساییەكانی كورد لەو پێكهاتەدا، خرانە بەر باس و گفتوگۆ.


شاندی هەرێمی كوردستان چاوی به‌ ئەلحەكیم كه‌وت



لە كۆتاییی دیدار و كۆبوونەوەكانیدا لە شاری بەغدای پایتەختی عێراقی فیدرال، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 8 - 4 - 2016 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری، لەگەڵ بەرێز عەممار ئەلحەكیم سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق دیدارێكی ئەنجام دا.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەردوولا له‌ ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگه‌وه‌ باسكران، هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و لایه‌نه‌ عیراقییه‌كان و پتەوكردنی زیاتری ئەو پەیوەندیانە؛ دووپات كرایەوە.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و هەماهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بەتایبەتیش لە ئازادكرنەوەی شاری مووسڵدا و بنبڕكردنی تیرۆر لە عێراق و پێكهاتەی نوێی حكوومەتی عێراق، تاوتوێ كرا. هه‌روه‌ها چەند بابەتێكی پەیوەندیار و دووپاتكردنەوەی مافە دەستووری و یاساییەكانی هەرێمی كوردستان لە پێكهاتەی نوێی حكوومەتی عێراق، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە