نوێنەری جووتیاران: چاوەڕێی نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیرانین بۆ کارکردن لە زەوییەکانمان

08-03-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ نووسراوی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ رێگەدان بە کارکردنی جووتیارانی سەرگەڕان نەگەیێندراوەتە پارێزگای کەرکووک؛ بۆیە نەیانتوانیوە کار لە زەوییەکانیان بکەن.
 
17-02-2025 لەکاتی هەوڵدان بۆ کێڵانی زەوییەکانیان، جووتیارانی سەرگەڕان لەلایەن سوپای عێراقەوە ئاستەنگیان بۆ دروستکرا و گرژی دروستبوو. دوای ئەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە ناردە کەرکووک و لەگەڵ نوێنەری جووتیاران کۆبووەوە.
 
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو کاتەی لەگەڵ لیژنەکە کۆبووینەوە، راسپاردەی زۆرمان بۆ چارەسەری کێشەکان پێدان. 02ـی ئادار ئاگاداریان کردینەوە کە بەڕێز سوودانی داواکەی پەسەند کردووین، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ نەچووەتە واری جێبەجێکردنەوە".
 
محەممەد ئەمین ئاماژە بەوە دەکات، بۆ رێگری لە پشێوی، تاوەکو ئەمڕۆ خۆیان کارناکەن لە زەوییەکانیان و گوتیشی: "چاوەڕوێین ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە پشتبەستن بە بڕیارەکەی سوودانی، نووسراو بۆ لایەنی پەیوەندیدار بکات، ئەو کاتە هیچ کەسێک ناتوانێت رێگریمان لێبکات".
 
لەبارەی کاتی نووسراوەکەوە ئەو نوێنەرەی جووتیارانی کورد لە کەرکووک گوتی: "هەینی و شەممەی بەسەردا هات، لە سبەیەوە بەدواداچوونی بۆ دەکەین".
 
02ـی ئاداری 2025، خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق، لە کاتی پێشوازیکردنی لە محەممەد ئەمین لە بەغدا گوتی: "لیژنەکە نووسراوی خۆی پێشکێشکی سەرۆکوەزیران کرد بۆ چارەسەری کێشەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە لە نووسینگەی {محەممەد شیاع سوودانی} سەرۆکوەزیرانەوە ئاگادارکراینەوە کە نووسراوەکە راستاندنی بۆ کراوە".
 
یاسای گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنەکانیان
 
رێگرییەکان لە جووتیارانی کورد لەکاتێکدان، دوای چەند جارێک دواخستن بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنەکانی نێو پەرلەمانی عێراق، 21-01-2025 پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنەکانیان دەنگی لەسەر درا و بووە یاسا، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ رێکارەکانی ماون و نەچوونەتە واری جێبەجێکردنەوە.
 
یاساکە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاو کرایەوە. محەممەد ئەمین دەڵێت: "بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران بۆ ئەوەیە رێگریمان لێ نەکرێت تاوەکو یاساکە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە، چونکە هەرچەند بڵاوکراوەتەوە لە رۆژنامەی فەرمی عێراق، هێشتا رێکاری دیکەی ماوە".
 
بە گوتەی ئەو نوێنەرەی جووتیاران، بۆ جێبەجێکردنی یاسای گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنەکانیان، دەبێت ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لیژنەیەک بە هاوبەشی نوێنەری وەزارەتەکان پێکبێنێت و رێنوێنی تایبەت بە جێبەجێکردنی یاساکە ئاراستەی پارێزگای کەرکووک بۆ جێبەجێکردن بکات.
 
محەممەد ئەمین، کە لەکاتی گرژییەکەی 17ـی شوباتدا بە ملپێچەکەی لەلایەن سەربازێکی عێراقییەوە لەسەر تراکتۆرەکەی راکێشرا و زۆرترین کاردانەوەی هەبوو، ئاماژەی بەوەشکرد: "لە راسپاردەکانمان بۆ لیژنەکەی سەرۆکوەزیران کە دواتر پەسەند کرا، داوامان کردووە رێنوێنییەکانی جێبەجێکردنی یاساکە 60 رۆژ زیاتر نەخایێنێت، خۆشبەختانە ئەو خاڵەش پەسەند کراوە".
 
یاساکە پەیوەندی بە 300 هەزار دۆنم زەویی کورد و تورکمان لە کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکانی دیکەوە هەیە. یاساکە تایبەت بوو بە گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی ئەو کەسانەی کە بەگوێرەی هەشت بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی دەسەڵاتی پێشوو (بەعس) لێیان داگیرکرابوو.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە