نامەی هەڵەبجەییەکان بۆ بەپارێزگابوون رادەستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرا

09-03-2025
سیروان عەباس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شاندێک لە کەسایەتییەکانی هەڵەبجە سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە. شاندەکە نامەیەکیان بەناوی هەڵەبجەییەکانەوە رادەستی مەحموود مەشهەدانی کرد بۆ ئەوەی پاڵپشتییان بکات بۆ بەپارێزگابوون.

ئەمڕۆ شەممە، نووسینگەی مەحموود مەشهەدانی رایگەیاند، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، پێشوازی لە شاندێکی خەڵکی شاری هەڵەبجە کرد کە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانیش یاوەریان بوو.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، سەرۆکی پەرلەمان جەختی کردەوە، ئەرکی پەرلەمان گوێگرتنە لە بۆچوونەکانی خەڵک و دەرکردنی ئەو یاسا گرنگانەیە کە پێداویستی و ئاواتەکانیان بەدی دێنێت لەگەڵ چاودێریکردنی کارەکانی حکومەت.
 
شاندەکەی هەڵەبجە پێکهاتووە لە پەرلەمانتار لە پەرلەمانی عێراق، بەرپرسی کارگێڕی، کەسایەتی و مامۆستای ئایینی و یاداشتێکیان بردووە بۆ پاڵپشتیکردنی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە.
 
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەکەی، مەشهەدانی گوێی لە بۆچوون و داواکارییەکانی ئەندامانی شاندەکە گرت کە پێداگرییان لەسەر گۆڕینی قەزای هەڵەبجە بۆ پارێزگا کردووە لە رێگەی دەرکردنی یاسایەکەوە لە پەرلەمان و دەنگدان لەسەری: "سەرۆکی پەرلەمان داواکارییەکی نووسراوی وەرگرت کە بۆ ئەم مەبەستە ئامادە کرابوو."
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، مەشهەدانی پشتیوانیی خۆی بۆ ئاواتەکانی هاووڵاتییان لە هەموو پارێزگاکان دەربڕی، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییەکانیان بپارێزێت و یەکێتیی عێراق بەهێز بکات.
 
نوخشە ناسیح، قایمقامی هەڵەبجە یەکێکە لە ئەندامانی شاندەکە، ئەمڕۆ (شەممە) بە رووداوی گوت "ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە (16-03-2025) نزیکبووەتەوە و تەمەنی پەرلەمانی عێراقیش زۆری نەماوە، بۆیە دەمانەوێ پێش ئەو وادەیە، پەرلەمانی عێراق دەنگ بە بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بدات و وەکو پارێزگای 19ـیەمی عێراق بیناسێنێت."
 
نوخشە ناسیح گوتی "سبەی بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراقیش کۆدەبینەوە."
 
پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە، خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدانی ماوە. بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاساکە، زیاتر لە 120 واژۆی پەرلەمانتاران کۆکراونەتەوە و دراوەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان.
 
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە (06-03-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، تاوەکو ئێستا، دیار نییە کەی پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دەخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانی عێراقەوە.
 
چرۆ حەمەشەریف، کە نوێنەری هەڵەبجەیە جەخت لەوە دەکاتەوە، هەموو هەوڵەکانیان دەخەنەگەڕ پێش 16ـی ئەم مانگە پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دەنگی لەسەر بدرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند کرێکارێک لەکاتی کارکردندا لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزیری کاری عێراق: کار بۆ زیادکردنی مووچەی کرێکاران دەکەین

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەو کرێکارانەی لە کەرتی تایبەت تۆمارکراون 10٪ تێناپەڕێت. دەشڵێت، قەرزی پڕۆژەی بچووک و کەمترین مووچەی کرێکاران زیاد دەکەن.