رووداو دیجیتاڵ
دوو پۆلیس و شوفێری شۆڤڵێک خۆیان وەکو تیمی لابردنی زیادەڕۆیی دەناسێنن و دوو خانوو لە گەڕەکی مەنسووڕی شاری کەرکووک دەرووخێنن.
زەویی هەردوو خانووەکە کشتوکاڵییە و مافی بەکارهێنانانی دراوەتە باپیری هاووڵاتییەک. ئەو دەڵێت دوای دەوامی فەرمی کاتێک خۆی و براکانی لە ماڵ نەبووینە، دوو پۆلیس هاتوون و هەردوو خانووەکەیان رووخاندووە.
ئیسماعیل ئیبراهیم خاوەن خانوو دەڵێت: "زەوییەکە موڵکی خۆمانە و تاپۆی ساڵێ 2025ی هەیە و ئەگەر وانەبێت چۆن هاتووچۆی دادگە دەکەم؟ دەرفەتی قۆستەوە و هەڵسان بە رووخاندنی خانووەکە. شوفڵەکە ئەهلی بوو و دادگە رێڕەوی خۆی دەبینێت و یاسا لەم رووەوە رێکار دەگرێتە بەر".
سەرۆکی لیژنەی هەڵگرتنی زیادەڕۆیی دەڵێت، ئەوانەی ئەو دوو خانوویەیان رووخاندووە ئەندامی لیژنەکەی ئەوان نین و سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەن، چونکە نابێت خانووی بڕووخێنرێت.
یەحیا نورەدین سەرۆکی لێژنەکە دەڵێت: "پرسیاری ئەو کەسانەمان کرد، ئەوان دوای دەوامی فەرمی هاتوون و لە لیژنەی زیادەڕۆییەکان نین و بە ئۆتۆمبێلی مەدەنی هاتوون. ئەمەش لە گوتەی خاوەن خانووەکە هەیە، ئێمە یاوەری ئەو کەسانە نەبووینە کە هاتوون ئەم خانووانەیان رووخاندووە."
لە نزیک دوو خانووە رووخێنراوەکە، یەکەیەکی نیشتەجێبوونی وەبەرهێنان دروست دەکرێت، خاوەنی خانووە رووخێنراوەکان، ئەو پرۆژەیە بە هۆکاری رووخاندنی خاوەکانیان دەزانن.
سەعد وەندی خاوەنی پرۆژەی وەبەرهێنان دەڵێت: "ئەوان راستە تاپۆیان هەیە لەسەر زەوی 384. ئێمەش پرۆژەیەکمان لە موڵکداری زەوی دەوڵە لە کەرکووک وەرگرتووە لەسەر زەوی 334، ئەوان بەشێک لە خانووەکانیان لەسەر زەوییەکەی دەوڵەت درووست کردووە، فەرمانگەی موڵکداریی دەوڵەت خۆی نووسراوی کردووە بۆ لادانی زیادەڕۆییەکان و خۆیان هاتوون و رووخاندوویانە."
دوو پۆلیسەکە هەڵاتوون و شوفێری شۆڤڵەکەش دەستگیرکراوە. پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، لەسەر رووخاندنی ئەو دوو خانووە، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان پێکهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ