رووداو دیجیتاڵ
بەگوتەی بەرپرسێکی ئاگادار، بەشێکی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70 دۆسیەیان خراوەتە سەر وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و ئیدی کێشەی دواکەوتنی مووچەیان چارەسەر دەبێت.
ئەمڕۆ شەممە، بەرپرسێک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کێشەی زۆرینەی خانەنشینانی یەکەی 70 چارەسەر بووە و مووچەیان خراوەتە سەر وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان".
مانگی رابردوو بەشێکی ئەفسەرانی خانەنشین بەتایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی مووچەیان کرایە نیوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی ئەمڕۆ شەممەی رووداو، کێشەی ئەو مووچەخۆرانەش چارەسەر بووە و مانگی دوو مووچەی تەواو وەردەگرن.
لە نێوەڕاستی ساڵی رابردووەوە هەر کات مووچە هاتبێت، مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70 لە سنووری پارێزگای سلێمانی دوادەکەوت. وەزارەتی دارایی چەند جارێک رایگەیاند، هۆکاری دواخستنی مووچە نەبوونی دۆسیەی ئەو خانەنشینانەیە لە وەزارەتەکەیان.
22ـی مانگی تەممووزی 2024، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ چەند نوێنەرێکی خانەنشینانی یەکەی 70ی پێشمەرگە رایگەیاند، مووچەی دوو مانگی ئەو خانەنشینانە بە شێوەی سولفە خەرج دەکرێت تاوەکو بە فەرمی دۆسیەیان دەدەنە وەزارەتەکەیان.
خانەنشینانی یەکەی 70 ژمارەیان زیاتر لە 9 هەزار کەسە و مووچەی مانگانەیان نزیکەی چوار ملیار دینارە. وەزارەتی دارایی 22ـی تەممووز رایگەیاند: "مووچەی ئەو خانەنشینانە تاوەکو ئێستا نەخراوەتە سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی و ئابووری."
ئاوات شێخ جەناب رایگەیاند، بەگوێرەی یاسای چاکسازی و راپۆرتی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی، نابێت هیچ خانەنشینێک لە دەرەوەی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی وەزارەتی دارایی مووچە وەربگرێت، بەڵام ئەو خانەنشینانەی هێزەکانی 70 "هیچ داتا و زانیاری و دۆسیەکیان لە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری و بەڕێوبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی وەزارەتی دارایی و ئابووری نییە، بۆیە لە وەزارەتەکانی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانیش هیچ تەرخانکراوێکی داراییان بۆ نەکراوە."
هەر ئەمڕۆ شەممە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کێشەی خانەنشینانی سەربازی و هەموو ئەو گرفتانەی بۆ مووچەی خانەنشینان بە گشتی هەبوو، لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق گفتوگۆی لەسەرکراوە و زۆرینەی چارەسەر کراوە".
لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، هەردوو یەکەی 70 و 80 هەن. یەکەی یەکەمیان سەر بە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و ئەوەی دیکەش پارتی دیموکراتی کوردستانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ