بایەکی بەهێز هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە؛ کەی کۆتایی دێت؟

08-02-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆش باران و بەفر لە ناوچە جیاوازەکان دەبارێت. کەشناسێکیش ئاماژە بەوە دەکات، ئەو بایەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، سبەی کۆتایی دێت.
 
لەبارەی کەشوهەوای ئەمڕۆ شەممە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: "نمەباران لە ناوچە جیاكان دەبارێت و هەندێک کاتیش بارانی مامناوەند دەبارێت، بەتایبەت لە بەشی باشووری هەرێمی کوردستان، ئیدارەی گەرمیان و بەشێك لە پارێزگای سلێمانی".
 
کەشناسی دەڵێت، هەر ئەمڕۆ "لە ناوچە شاخاوییەكان بەفر دەبارێت و پێشبینی دەکرێت لە پارێزگای سلێمانی و هەندێك لە قەزا و ناحییەكانی رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستانیش بەفر ببارێ".
 
 
لەبارەی خێرایی با کە لە دوێنێوە چالاکە، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ شەممە بە رووداوی گوت: "ئێستا خێرایی با 28 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا. ئەم دۆخە تاوەکو سبەی یەکشەممە بەردەوام دەبێت".
 
ئەو کەشناسە گوتیشی، ئەم شەپۆلی بارانبارینە درەنگانی ئەمشەو لە هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت و سبەی دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.
 
هەر بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما نزیکەی سێ پلەی دادەبەزێت و سبەی ئاسمان نیمچە هەور دەبێت.
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەی بەرزترین پلەی گەرما لە باشووری کوردستان بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر؛ 11 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 7پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 10 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 11 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 10 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 8 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ -1 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 8 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 13 پلەی سیلیزی
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە