دوو پاڵاوگەی دیکە لە هەولێر داخران

08-02-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئاسایشی هەولێر دەڵێت، دوو پاڵاوگەی دیکەیان لە سنوورەکە داخستووە، چونکە پابەندی رێنماییەکان نەبوون. بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بە رووداوی گوت، "ژمارەی پاڵاوگە داخراوەکان لە پارێزگاکە گەیشتە 59 پاڵاوگە."

رۆژی شەممە، 8ـی شوباتی 2025، ئاسایشی هەولێر بڵاویکردەوە، "دوای بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە و پارێزگاریکردن لە تەندروستیی هاووڵاتییان، هەڵمەتەکانمان بەردەوامن لە داخستنی ئەو پاڵاوگانەی پابەندی رێنماییەکان نابن".
 
ئاسایشی هەولێر دەڵێت، بەردەوامن لە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پاکڕاگرتنگی ژینگە، لەو چوارچێوەیەدا دوو پاڵاوگەیان داخستووە کە پابەندی رێنماییەکان نەبوون و رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر. 
 
هاوکات دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رۆژی پێنجشەممە ئەو دوو پاڵاوگەیە لە سنووری پارێزگای هەولێر داخران، چونکە رێنماییەکانی پاکڕاگرتنی ژینگەیان جێبەجێ نەکردبوو."
 
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر دەڵێت، "بەو دوو پاڵاوگەیەی کە داخراون، ژمارەی پاڵاوگە داخراوەکان لە پارەوە تاوەکو ئێستا گەیشتە 59 پاڵاوگە."
 
12-01-2025 کۆبوونەوەیەک لە هەولێر بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
 
لە کۆبوونەوەکەدا چوار بڕیار بۆ پاککردنەوەی هەوای شارەکان دران کە ئەمانەن:
 
یەکەم: هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کارگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و رێنماییەکان کاربکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
 
دووەم: رێگە لە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کەس و لایەنێک دەگیرێت کە سووتەمەنی پیسی ئوتومبێل بەرهەم دێنێت یان بە قاچاخ دەیهێنێت و زیانی تەندروستی هەیە؛ هەروەها دەبێ سنوورێک بۆ سووتانی گازی هاوەڵ لە کێڵگە نەوتییەکان دابنرێت.
 
سێیەم: دەبێت خاوەنی موەلیدەکانی کارەبا، پابەندی رێنماییەکانی حکومەت بن و فلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت و هەر کەسێک سەرپێچی بکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
 
چوارەم: رێگری لە بەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان بکرێت کە بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێریی بەکاردەهێنرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە