رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا کامێرای چاودێریی خاڵ بۆ خاڵ بۆ تۆمارکردنی سەرپێچییەکانی تیژڕۆیی لەنێوان هەردوو قەزای کەلار و کفری لە ئیدارەی گەرمیان دابنرێت.
مقەدەم سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تیمی هاتووچۆی سلێمانی و کۆمپانیای جێبەجێکار سەردانی رێگەکەیان کردووە و شوێنی دانانی کامێراکانیان دیاریکردووە".
رێگەی نێوان قەزاکانی کفری و کەلار، ساڵی رابردوو بە دووسایدکردنی تەواو بووە و درێژییەکەی 42 کیلۆمەترە. سامان عەلی دەڵێت: "16 کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە رێگەکەدا دادەنرێت، کە هەر پێنج کیلۆمەتر و یەک کامێرا دەبێت".
لەبارەی کاتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان دەڵێت: "تاوەکو ئەمڕۆ کاتەکە دیاری نەکراوە، بەڵام لە داهاتوویەکی نزیکدا دادەنرێت".
هەر لە سنووری پارێزگای سلێمانی، 28-11-2024 کامێراکانی تۆمارکردنی سەرپێچی تیژڕۆیی لە نێوان سلێمانی و چەمچەماڵ بە فەرمی کەوتنە کار.
جگە لە کامێراکانی تۆمارکردنی خێرایی تیژڕۆیی خاڵ بۆ خاڵ، چەند جۆرێکی دیکەی کامێرا بۆ هەمان ئامانج دانراون یان رۆژانە دادەنرێن، لەوانە کامێرای جێگیر کە لە یەک خاڵدا خێرایی تۆمار دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک جۆری کامێرا هەن کە گەڕۆکن و پۆلیس و ئەفسەرانی هاتووچۆ هەر جارەو لە رێگەیەکدا دایدەنێن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دانانی کامێراکان بۆ بەرژەوەندیی شۆفێران و کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆیە. هاونیشتمانیانیش نیگەرانن لە بەرزیی نرخی سزای سەرپێچییەکان، کە لە 70 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات بۆ 230 هەزار دینار.
تاوەکو ئەمڕۆ لە رێگە سەرەکییە دوو ئاراستەکانی هەرێمی کوردستان کامێرای تۆمارکردنی سەرپێچی خێرایی تیژۆڕیی دانراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ