رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی رێکخراوی (سی پی تی)ـی ئەمریکی دەڵێت، دوێنێ سێ گوندی سنووری قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک بەهۆی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکەوە چۆڵکراون. قایمقامی قەزاکەش دەڵێت، دوو لە گوندەکان لە ساڵی 1991ـەوە چۆڵن.
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT)ـی ئەمریکی، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی چڕبوونەوەی بۆردوومان و ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیاوە سێ گوندی سنووری ناحیەی دینارتە لە قەزای ئاکرێ چۆڵکران."
کامەران عوسمان کە رێکخراوەیان بایەخ بە تۆمارکردنی پێشێلکارییەکانی تورکیا و ئێران لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دەدات، گوتی: "بەهۆی بۆردوومانی چڕی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی سوپای تورکیا و مەترسی ئۆپەراسیۆنی زەوینی لە ناوچەکە، گوندنشینانی هەر سێ گوندی نپاخێ، بێرکەکورێ و کافیا لە بناری چیای گارە،گوندەکانی خۆیان چۆڵکرد".
هەر لەو بارەیەوە دلاوەر بوزۆ، قایمقامی قەزای ئاکرێ ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوو لەو گوندانە پێشتریش چۆڵ بوون و کەسیان تێدا نەژیاوە. نازانین بۆچی ئێستا دەگوترێت چۆڵکراون".
قایمقامی ئاکرێ گوتی: "گوندی کافیا کۆچەری تێدا بووە و ئەوان ماوەیەک لەمەوبەر بێ پرسی ئێمە و لایەنی ئەمنی گەڕاونەتەوە ئەو گوندە. ئێستاش دوای ئەوەی دوو هاونیشتمانی لە سنوورەکە شەهید بوون، بڕیاریانداوە گوندەکە چۆڵبکەن، واتە نە گەڕانەوە و نە چوونیان بە ئاگاداری لایەنی بەرپرس نەبووە".
بەگوێرەی ئاماری (سی پی تی)، بەهۆی شەڕی نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا لەنێو خاکی هەرێمی، تاوەکو ئەمڕۆ 183 گوند بەتەواوی چۆڵبوون و 602 گوندی دیکە مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە و نزیکەی 400 گوندیش نەتوانراوە ئاوەدان بکرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ