رووداو دیجیتاڵ
ماوەی هەفتەیەکە رووداو بەدواداچوون بۆ کەیسی کچێکی 23 ساڵان دەکات کە باوکی لەنێو بازاڕی تەقتەق حەوت گوللەی پێوەدەنێت و بەسەختی برینداری دەکات. ماوەی چەند رۆژێکە لە نەخۆشخانەی ئازادی لەژێر چاودێریی وردی پزیشکیدایە و بەهۆش هاتووەتەوە.
کچەکە بە ناوی (س. م.) لە ماوەی یەک هەفتەدا سێ نەشتەرگەری بۆ کراوە و حەوت گوللە لە جستەی دەرهێنراون و لە ژێر چاودێری ورددی پزیشکی دایە.
کچەکە لە نەخۆشخانەی ئازادی کارمەندە و ماڵیان لە تەق تەقە، دایک و باوکی جیابوونەتەوە، بۆیە لەگەڵ دایکی دەژیت و لەکاتی گەڕانەوەی لە دەوام و لە نێو بازاڕی تەق تەق، باوکی حەوت گوللەی لێدەدات و بەسەختی برینداری دەکات.
ئازار و خەم تەنگی پێهەڵچنیوە، ترسی لە باوکی لێ نیشتووە و داوا دەکات بەپەلە دەستگیربکرێت و گیانیان بپارێزرێت.
کچەکە بە رووداوی گوت، "باوکم هیچ خەرجییەکی دایکم وبرا و خوشکەکانمی نەدەکرد، بۆیە بە ناچار پەنام بۆ کارکردن و کرێکاری برد و بژێویی ژیانی خۆمان دابنین دەکرد، لەگەڵ دایک و خوشکەکانم دەچووین لۆبیا و بامیەمان دەچنی، باوکم چوار بۆ پێنج ساڵ دەبێت لە دایکم جیابووەتەوە و هیچ بینین و پەیوەندییەک نییە لە نێوانمان، لەناو بازاڕ بینیم، بەهێز بانگی کردم و کە ئاوڕم دایەوە منی دایە بەر فیشەک، بەبێ ئەوەی هیچ شتێک بزانم، لە پێناو خوشک و براکانم و بۆ نەهێشتنی باوکی خراپ، داوا دەکەم باوکم دەستگیر بکرێت و سزا بدرێت."
باوکی کچەکە کارمەندی دەزگایەکی ئەمنییە، پێنج منداڵی هەیە و چوار ساڵە دەستی لێ بەرداون و خەرجییان لە ئەستۆ ناگرێت، دایکی کچەکە دەلێت، باوکی منداڵەکان هەڕەشەی کوشتنی هەمووانی کردووە.
دەشڵێت، "من منداڵی خۆم دەوێت و لەگەڵیان دانیشتووم و دەژیم و نامەوێ منداڵەکانم ژیانیان لە مەترسی دابێت، دەمەوێت لە دەستی باوکیان پارێزراوبن، باوکیان شەڕیان پێدەفرۆشێت و هەڕەشەی کوشتنیان لێدەکات، ئەو کە بتوانێت حەوت فیشەک لە کچی خۆی بدات، دەتوانێت ئەمانەش بکوژێت."
کچە بریندارکراوەکە سکاڵای لەسەر باوکی تۆمارکردووە، بەڵام تا ئێستا دەستگیرنەکراوە، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی تەق تەق بە رووداوی راگەیاند، ئاگاداری ئەو رووداوە نین و ئەگەر سکاڵا هەبێت، کەسی ئەنجامدەر دەستگیردەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ