بەڕێوەبەرایەتی باجەکان و خانووبەرەی میری: ئەو کەسەی گوتی باج زیادکراوە لای ئێمە ناوی تۆمار نەکراوە

07-12-2023
سیروان عەباس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری رایگەیاند، رێکاری یاسایی بەرامبەر لێدوانی ئەو هاونیشتمانییە دەگرینەبەر کە باسی زۆری باجی کردووە و دەشڵێت، "لای ئێمە خۆی تۆمار نەکردووە". هاونیشتمانییەکەش قسەی بۆ رووداو کردەوە و گوتی: "18 پێشانگەی ئۆتۆمبێلم هەیە و هەموویانم بەناوی منداڵەکانم کردووە".
 
ئەحمەد سلێمان، خاوەنی 18 پێشانگەی تایبەت بە ئۆتۆمبێلی گەورەیە لە هەولێر، رۆژی 04-12-2023 قسەی بۆ فەرهاد دۆلەمەڕی، پەیامنێری رووداو کرد و گوتی، "زۆری رێژەی باج و رسووماتەکان و نەبوونی بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی گەورە وایکردووە کە 12 لە پێشانگەکانی دابخات و 6 پێشانگەی دیکەشی ماوە و دەیەوێت بیان فرۆشێت".
 
ئەحمەد سلێمان لەوبارەیەوە بە رووداوی گوت، "بازاڕمان زۆر کزبووە رێژەی باج و رسوماتەکانیش لەسەرمان زۆر بەرزکراونەتەوە، ناتوانین پارەی باج و رسوماتەکان بدەین بۆمان دەرناهێنێت، من پێشتر 11 کارمەندم هەبوو ئێستا تەنیا 3 کارمەندم ماوە، بۆ پارەی باجەکەش قەرز دەکەم."
 
رۆژی پێنجشەممە، 07-12-2023 بەڕێوەبەرایەتی گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری راگەیێندراوێکی لەوبارەوە بڵاوکردەوە و گوتی، "هاووڵاتییەک بەناوی ئەحمەد سلێمانی قادر، دانیشتووی شاری هەولێر، وەکو خاوەنی پێشانگە خۆی دەناسێنێت و لە گوتەکانی ئاماژە بەوە دەکات کە بڕێکی زۆر باجی داوە و هەروەها بۆی کراوە بە پاژ (قیست)، ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەکان، تەواوی گوتەکانی ئەو هاووڵاتییە رەتدەکەینەوە".
 
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری ئاماژەی بەوەش دەکات "هیچ کەسێک بە ناوی (ئەحمەد سلێمانی قادر) لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان خۆی تۆمار نەکردووە و هیچ باجێکی نەداوە و خۆی دزیوەتەوە لە باج. هەروەها پێدەچێت کرێی گرێبەتی بانەوانی (مساطحە)ی شارەوانی دابێت کە بەداخەوە زۆربەی هاووڵاتییان جیاوازی ناکەن لە نێوان باج و رسوومات".
 
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری بە مافی خۆی دەزانێت رێکاری یاسایی بگرێتەبەر و دەشڵێت، "بۆ پاراستنی مافی گشتییە".
 
پێنجشەممە 07-12-2023، ئەحمەد سلێمان جارێکی دیکە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "بەڵێ 18 پێشانگەم هەیە، بەڵام هەموویانم بەناوی کوڕ و کچەکانم کردوون و خۆم سەرپەرشتییان دەکەم".
 
ئەحمەد سلێمان ئاماژەی بەوەکرد، "لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2017ـەوە 12 پێشانگەم داخستوون، بڕیاربوو شوێنەکەمان بگوازنەوە کە زیاتر لە 80 پێشانگە بووین، بۆیە باجیان لێوەرنەگرتین، بڕیاربوو دوای گواستنەوە، باجمان لێوەربگرن نەک ئێستا".
 
ئەو پێشانگەیانە، لە ساڵی 2010ـەوە لە نزیک قوشتەپە کراونەتەوە. ئەحمەد سلێمان دەڵێت، "من گلەییم لە شارەوانیی قەزای قوشتەپە کردووە و داوای چارەسەریشم هەر لەوان کردووە".
 
ماوەی 5 مانگە شارەوانیی قوشتەپە، خاوەنی پێشانگەکانی تایبەت بە ئۆتۆمبێلی گەورەی ئاگادار کردووەتەوە کە دەبێت هەر پێشانگەیەک بڕی نزیکەی 5 بۆ 15 ملیۆن دینار پارەی 5 ساڵی رابردوو لە کرێ و رسوماتەکانی شارەوانی بدەن، ئەم بڕیارەی شارەوانی لە کاتێکدایە کە 13 ساڵە پێشانگەکان هیچ خزمەتگوزارییەکی سەرەتاییان پێنەگەیشتووە.
 
فاروق سدیق خاوەن پێشانگەکانەی ئۆتۆمبێلە دەڵێت، "ئێمە لە 2010 ـوە لەم شوێنەین تاوەکو ئێستا هیچ خزمەتگوزارییەکمان بۆ نەهاتووە ئینجا هاتوون داوای پارەی باج و زبڵیش دەکەن، کەچی هیچ خزمەتگوزاییەکمان بۆ رانەکێشراوە."
 
لەسەر رێگەی هەولێر - قوشتەپە نزیکەی 100 پێشانگەی تایبەت بە ئۆتۆمبێلی گەورە هەن، لە ئەگەری پابەندنەبوونی خاوەن پێشانگەکان بە بڕیاری شارەوانی لە سەرەتای ساڵی داهاتوو رووبەڕووی سزای دارایی دەبنەوە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئۆتۆمبێلێک کە هێزەکانی هەسەدە  لە منبج تەقاندوویانەتەوە.

هەسەدە لە رۆژهەڵاتی منبج دەستی بە هێرشی پێچەوانە کرد

هێزەکانی سووریا دیموکرات - هەسەدە رایگەیاند، لە دەوروبەری بەنداوی تشرین و رۆژهەڵاتی منبج دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێک لە دژی چەکدارانی 'سوپای نیشتمانیی سووریا' کردووە و دەیان چەکداریان کوشتووە و تانکێکیان تێکشاندووە. هەروەها چەند گوندێکیان رزگار کردووە.