رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناحیەی رۆڤیا لە پارێزگای دهۆک رایدەگەینێت، ئەم ساڵ بە گوژمەی زیاتر لە سێ ملیار دینار پڕۆژەی خزمەتگوزارییان لە سێکتەرەکانی رێگەوبان، ئاو و ئاوەڕۆ و پەروەردە جێبەجێکردووە. دەشڵێت، بەمنزیکانە رێگەی سەرەکی نێو ناحیەکە دەکرێتە جووتساید و سێ بیری ئیرتیوازیش لە ناحیەکە لێدەدرێت.
مەنهەل موەفەق، بەڕێوەبەری ناحیەی رۆڤیا لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو، کە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات رایگەیاند، ئەم ساڵ لە سنووری ناحیەی رۆڤیا بە بەهای نزیکەی سێ ملیار و 500 ملیۆن دینار، چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە سنووری ناحیەکەدا جێبەجێکراون، لەوانە؛ پرۆژەی قیرتاوکردنی رێگە ناوخۆییەکانی ناوەندیی ناحیەکە بەگوژمەی یەک ملیار و 345 ملیۆن دینار کاری دروستکردنی ئاوەڕۆ و قیرتاوکردنی شەقامە ناوخۆییەکان کە ئێستا لەقۆناخی جێبەجێکردندان.
گوتیشی، بەتەواوبوونی ئەو پڕۆژانەی ناوەندی ناحیەکە، گرفتی خزمەتگوزاری لەناوەندی ناحیەکە چارەسەر دەبێت، پڕۆژەکانیش بەرێژەی جیاواز جێبەجێکراون بەڵام کۆمپانیای جێبەجێکار هەندێک بەخاوی کاردەکات بەهۆی گرفتی نەختینەوە. هەروەها بڕیاری هەڵکەندنی سێ بیری ئیرتیوازی بۆ هەر سێ گەڕەکەکەی ناوەندی ناحیەی رۆڤیا دەرچووە، کێشەی کەمئاو چارەسەر دەکات.
لەبارەی پڕۆژەکانیان لە سێکتەری پەروەردە، مەنهەل موەفەق ئاماژەی بەوەکرد، بە بەهای یەک ملیار و 300 ملیۆن دینار پرۆژەی دروستکردنی سێ قوتابخانە لە قۆناخی جێبەجێکردندان؛ قوتابخانەیەکی شەش پۆلی بۆ ناوەندیی ناحیەی رۆڤیا، قوتابخانەیەکی 12 پۆلی بۆ گوندی دۆستەک و قوتابخانەیەکی 12 پۆلی بۆ گوندی قەرەناز.
لە سنووری ناحیەی رۆڤیا 48 گوند هەن، رێگەی گوندەکان، گرفتێکە پێشتر هاونیشتمانییان و دانیشتەوانی گوندەکانی ئیسماوا، جوجەری گەورە، کانی ئاسپانی گەورە، چەند جارێک لە رێگەی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو، باسیان لە خراپی ریگەی گوندەکانیان کردووە و داوایان دەکرد رێگەکەیان بۆ چاکبکرێت.
بەڕێوەبەری ناحیەی رۆڤیا دەڵێت، پڕۆژەی چاککردنی ریگەی هەردوو گوندی ئیسماوا و شێخانۆک کە دوو گەورەترین گوندی سنووری ناحیەی رۆڤیان جێبەجێ دەکرێن بە گوژمەی نزیکەی 913 ملیۆن دینار، کە 500 ملیۆن بۆ رێگەی شخانۆک، 413 ملیۆن دیناریش بۆ رێگەی ئیسماوا تەرخانکراوە و کێشەی ریگەی ئەو دوو گوندە بەتەواوی چارەسەر دەبێت.
هەروەها، چەند گوندێکی دیکەش رێگەکەیان قیرتاو دەکرێت، لەوانە؛ جوجەری گەورە، کانی ئاسپانی گەورە، یەک ماڵە، تۆبزاوای گەورە.
رێگەی خێرای نێوان هەولێر - دهۆک بە سنووری ناحیەی رۆڤیا تێپەڕدەبێت، بەهۆی ئەو شەقامە خێرایەوە، چەند جووتیارێک زەوییەکانیان بەر رێگەکە کەوتووە و تا ئێستا قەرەبوو نەکراونەتەوە. جووتیارێک پەیوەندی بە بەرنامەی مژار کردووە و دەڵێت، "زەویمان کەوتووەتە بەر رێگەکە، بەڵام قەرەبوو نەکراوینەتەوە."
بەنهەل موەفەق دەڵێت، بەهۆی دروستکردنی رێگەکەوە لە هەردوو گوندی دربێسیان و پالاسان. 24 جووتیار، زەوی، خانوو، مارکێت و بیری ئیرتیوازییان بەر شەقامەکە کەوتووە، کە بڕی قەرەبووەکە بە 420 هەزار دۆلار خەمڵێنراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو جووتیارانە، گرێبەستی کشتوکاڵی یان تاپۆیان نییە، گرفت بۆ قەرەبووەکەیان درووستبووە و دوایین نووسراوی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، وەڵامەکەی بەو شێوەیەیە؛"بەهۆی نەبوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمی مافی قەرەبووکردنەوە نایانگرێتەوە."، بۆیە دەبێت ئەو جووتیارانە دیسانەوە لەرێگەی پارێزەرێکەوە کاری لەسەر داواکارییەکانیان بکەن.
لەبارەی پڕۆژەکانیان بۆ ساڵی داهاتوو، بەڕێوەبەری ناحیەی رۆڤیا ئاماژەی بەوەکرد، سێ رێگە هەن لە ناحیەی رۆڤیا تائێستا قیرتاو نەکراون، گرنگترین پڕۆژەن بۆ ناحیەکە، ئەوانیش، رێگەی سەرەکی ناوەندیی ناحیەکە، درێژییەکەی 2.2 کیلۆمەتر دەبێت. رێگەی رۆڤیا بۆ ئاکرێ ئەویش نزیکەی دوو کیلۆمەتر دەبێت، هەروەها رێگەی ئۆڤەرپاسی رۆڤیا کە لەبەردەڕەشەوە دێت، ئەویش پێویستە قیرتاو بکرێت، رێگەکە مەترسیدارە و چەندین رووداو تێدا رویداوە و قوربانی لێکەوتووەتەوە.
مەنهەل موەفەق ئاماژەی بەوەشکرد، لەدوای 12 ساڵ چاوەڕوانی بڕیارە لەئایندەیەکی نزیکدا رێگەی سەرەکی ناوەندیی ناحیەکە بکرێتە جووتساید و بە گوژمەی نزیکەی شەش ملیار و 500 ملیۆن دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ