بناری قەندیل بۆردوومان کرا

07-11-2023
ئەبوبەکر ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
چەند ناوچەیەکی بناری قەندیل لە سنووری ناحیەی سەنگەسەر لە پارێزگای سلێمانی بۆردوومان کران. بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێت، تاوەکو ئێستا زیانەکان نازانن.
 
رۆژی سێشەممە 7-11-2023، نەهرۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئێوارەی ئەمڕۆ سنووری گوندەکانی سڵە، بۆڵێ، بایاوان، سینەمۆکە، سەرجۆی رەبەن، لۆفەکانی کورتەک و چیای کونەکۆتر لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بۆردوومانکران.
 
بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی سەختیی ناوچەکەوە تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە زیانەکانی بۆردوومانەکە بزانن.
 
دوێنێ دووشەممەش گوندی بۆسکێن لە سنووری ئیدارەی راپەڕین بۆردوومان کرا. تەها محەممەد، گوتەبێژی تەندروستی راپەڕین هەر دوێنێ دووشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەهۆی بۆردوومانەکەوە دوو بریندار براونەتە نەخۆشخانەی رانیە.
 
پێشتر و بە پاساوی هەبوونی گەریلاکانی پەکەکە، چەندین جار سوپای تورکیا گوندەکانی بناری قەندیلی لە سنووری ئیدارەی راپەڕین بۆردوومان کردووە. بەگوێرەی ئاماری تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی بۆ رووداو، بەهۆی بۆردوومان و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیاوە لەنێو باشووری کوردستان، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 10 کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و 12ـی دیکەش برینداربوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە