رووداو دیجیتاڵ
لە هەرێمی کوردستان نرخی بلۆک 30% بەرزبووەوە. سەرپەرشتیاری کارگەیەک دەڵێت، پێداویستیی دروستکردنی چیمەنتۆ بەرز نەبووەتەوە، هۆکارەکەی هەڵبژاردن و "چاوپۆشییە" لە دروستکردنی خانووی زێدەڕۆ.
محەممەد عومەر، سەرپەرشتیاری یەکێک لە کارگەکانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین ئەمڕۆ دووشەممە بە رووداوی رایگەیاند، زۆربەی بەرهەمەکەیان لە سنووری سلێمانی ساخ دەکەنەوە و بەشێکیشی بۆ هەولێر دەڕوات.
محەممەد عومەر گوتی: "پێشتر جووتێک بلۆک بە 650 دینار بوو ئێستا بە 850 دینارە".
لەبارەی هۆکارەکەیەوە محەممەد عومەر گوتی، "بەهۆی هەڵبژاردنەوە لە چەند شارێک چاوپۆشی لە دروستکردنی خانووی زێدەڕۆ دەکرێت، لە سلێمانیش چەند گەڕەک و گوندێک رێگەپێدانیان بۆ دروستکردنی خانوو کردووەتەوە و خواست لەسەر بلۆک زۆرە و هەر ئەوەش هۆکارە".
خاوەن کارگەیەکی دیکە بە رووداوی گوت، پێشتر جووتێک بلۆکیان بە 675 دینار فرۆشتووە و ئەمڕۆ بە 900 دینار فرۆشتوویانە. گوتیشی، "چیمەنتۆ یەک دینار گران نەبووە، ئەوەی هەیە خواستی زۆری لەسەرە و هیچی دیکە".
بۆ دروستکردنی خانوویەکی یەک نهۆمی لەسەر زەوییەکی 200 مەتری نزیکەی چوار هەزار بلۆک پێویستە، پێشووتر ئەو بڕە بە یەک ملیۆن و 300 هەزار دینار بووە، بەڵام ئێستا بە یەک ملیۆن و 700 هەزار دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ