رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ رێکارەکانی بە گرێبەستبوونی مامۆستایانی وانەبێژ لە پارێزگای سلێمانی دەستیپێکرد. نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان دەڵێت؛ ئەگەر رێکارەکانیش تەواو نەبن مووچەی مانگی ئەیلوول دەبێتە یەکەم مووچەی بە گرێبەستبوونی مامۆستایانی وانەبێژ.
ئەمڕۆ دووشەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2024، عەلی رەئووف، نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە 2ی تشرینی یەکەم، رێکارەکانی بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ لە پارێزگای هەولێر و دهۆک دەستیان پێکردووە، ئەمڕۆ رێکارەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانیش دەستیانپێکرد".
عەلی رەئووف گوتی، "ئەگەر رێکارەکانیش تەواو نەبن، ئێمە مووچەی مانگی ئەیلوول لەگەڵ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەک یەکەم مووچەی گرێبەست وەردەگرین، رێکارەکان هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر نابێت، ئەگەر تەواو بکرێن یاخود نا".
بڕیارە رۆژی چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە، شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ مانگی 6ی 2024 دابەشبکرێت، وەرگرتنی مووچەی مانگەکانی شەش، حەوت و هەشت هەر وەکو وانەبێژ دەبێت.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی دارایی و ئابووری، ژمارەی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 37 هەزار و 933 وانەبێژە، بڕی بودجەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانیان، لەپاش بەگرێبەستکردنیان نزیکەی 18 ملیار دینارە.
وانەبێژان بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر داهاتی ناوخۆ کران بە گرێبەست.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ