رووداو دیجیتاڵ
دەنگۆی راگرتنی رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی لە هەرێمی کوردستان بڵاوبووەتەوە، بەڵام بە گوتەی لایەنی پەیوەندیدار بۆ رووداو، رێکارەکان بەردەوامن و ئەوەی هەیە ئەوەیە کە دابەشکردنی زەوی دەکەوێتە دوای هەڵبژاردن.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 27ی ئاداری ئەم ساڵ بڕیاری دابەشکردنی زەویی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا کە سوودمەند نەبوون.
بەرپرسێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەنگۆی راگرتنی رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی هیچ بنەمایەکی نییە و دوورە لە راستییەوە."
ئەو بەرپرسە کە ئاگادارە لە رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی گوتی، "رێکارە یاساییەکان بۆ دابەشکردنی زەوی بەردەوامن، لەنێویاندا جیاکردنەوەی زەوییەکان."
بەهۆی نزیکبوونەوەی کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە 20ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، دابەشکردنی زەوی دەکەوێتە دوای پرۆسەکە. بەرپرسان دەڵێن، لە سەرەتاشەوە نەگوتراوە مانگی 10 زەوی دابەش دەکرێت، بەڵکو بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ دابەشبکرێت.
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، ئاوات دەباغ، گوتەبێژی شارەوانییەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بڕیارە لە کەمتر لە مانگێکدا سەرجەم وردبینییەکان لە وەزارەتەکان تەواوبکرێن و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بکرێن.
دوای ئەوەی نووسراوەکان دەگەنە ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنەکە فەرمان دەردەکات و رەوانەی وەزارەتی شارەوانی دەکات و وەزارەتەکەش ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەکات بۆ دابەشکردنی زەوی.
ئاوات دەباغ گوتی، "وردبینی و رێکارەکانی دابەشکردن بەردەوامە و رێکارە یاساییەکانی بەڕێوەدەچن."
بڕیاری دابەشکردنی زەوی لە 28ـی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت؛ دابەشکردنی زەویش بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت و سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن:
- ساڵانی خزمەت.
- ژمارەی ئەندامانی خێزان.
- شوێنی نیشتەجێبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ