گوتەبێژی پارتی: شیعە، سوننە و کورد لە بەڕێوەبردنی عێراق رازی نین

07-09-2023
سیروان عەباس
مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان.
مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، عێراق بە شێوازێک بەڕێوەدەبرێت کە لە رووی ئیدارییەوە نە شیعە لێی رازییە، نە سوننە و کورد. گوتیشی، هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی دیارینەکراوە. دەشڵێت: "لە عێراق کۆمەڵێک خەڵک پەیدابوون خۆیان لە سەرووی یاسا و رێککەوتنەکانەوە دەبینن."
 
رۆژی پێنجشەممە، 07-09-2023، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا وەڵامی پرسیاری رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداوی دایەوە و لەبارەی دۆخی عێراق و پەیوەندیی هەولێر و بەغدا و چارەسەرکردنی کێشەکانەوە گوتی، "عێراق بەشێوازێک بەڕێوەدەبرێت کە لە رووی ئیدارییەوە نە شیعە لێی رازییە، نە سوننە و کورد، کۆمەڵێک خەڵک پەیدابوون خۆیان لە سەرووی یاسا و دەوڵەت و رێککەوتنەوەکانەوە دەبینن، ئەوان بوونەتە بڕیاردەر و ئاستەنگ بۆ ئیشەکانی حکومەت و ئەو رێککەوتن و کارنامانەشی کە لەسەری رێککەوتوون، ئەمە وایکردووە ئەم کێشانە لە عێراقدا بەردەوام هەبن، ئەمانەش دەبنە هۆی دواکەوتنی عێراق و لەجیاتی ئەوەی کە خەڵکی عێراق بەرەوپێش بچێت، دەبینین بێکاری و رێژەی بێکاری لە عێراقدا زیاد دەکات، ئەمە یەکێک لەو شتانەیە کە بەرامبەر هەرێمی کوردستانیش دەیکەن. کێشە دروست دەکەن و کێشە بە کێشە دەچێتە پێش و ناهێڵن ئەو رێککەوتنانەی کە هەن جێبەجێ بکرێن".
 
مەحموود محەممەد گوتی، "دەبێت عەقڵ بەکاربهێنرێت بۆ بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە، ناکرێت بەردەوام ئەم وڵاتە لە کێشەی نێوخۆییدابێت بێجگە لەوە کە خەریکن بەردەوام گرفتی دەرەکیشی بۆ دروست دەکەن".
 
مەحموود محەممەد: بە چاونووقاندنی هەندێک لە هێزە ئەمنیەکانی کەرکووک ئەو کارەساتە روویدا
 
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی گەڕانەوەی ئەو حیزبە بۆ کەرکووک و رادەستکردنەوەی بارەگاکانیان بە رۆژنامەڤانانی گوت: "گەڕانەوەمان بۆ بارەگاکان، یەکێک بووە لەو رێککەوتنانەی لەگەڵ هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کردوومانە و جێگیرکراوە، ئەمە مافێکی یاسایی و دەستووریی پارتی دیموکراتی کوردستان و هەموو لایەنە سیاسییەکانە بۆ ئەوەی کە مومارەسەی سیاسەت بکەن و چالاکیی لە هەموو شارەکانی عێراقدا بکەن. دوای ئەوەی کە ئەم کارنامەیە کەوتە واری جێبەجێکردن و بڕيار لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە دەرچوو بۆ رادەستکردنەوەی بارەگاکان، کۆمەڵێک عەقڵییەت کە هێشتا بارگاوین بەو شێوازە بیرکردنەوەیەی کە لە کۆندا هەبوو، بوونە هۆی ئاڵۆزی و کێشە دروستکردن، بەداخەوە بە هاندانی هەندێک پەرلەمانتار و چاونووقاندنی هەندێک لە هێزە ئەمنیەکانی ئیدارەی کەرکووک، ئەم کارەساتە لەوێ روویدا".
 
مەحموود محەممەد گوتی، "نازانم چەند رۆژبوو لەوێ چادر هەڵدرا و رێگە گیرابوو، لە گوڵ کاڵتریان بەو خەڵکە نەگوت، بەڵام کاتێک کۆمەڵێک گەنج و لاوی کورد هاتنە سەر جادە و پێیان گوتن ئەم رێگەگرتنە زیانی بە کەرکووک گەیاندووە، لە پەنای ئەوانەوە چەندین کەسیان شەهید و بریندارکرد و زیانێکی زۆری مادیشیان لە خەڵک دا. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە هێشتا عەقڵی شۆڤێنی لەناو بەشێک لە دەزگەکانی کەرکووکدا ماوە و دەبێت ئەمە چارەسەر بکرێت و بەپێی دەستوور مامەڵە بکرێت، حەقی پارتی دیموکراتی کوردستانیشە لە هەر شارێکی عێراق کە بیەوێت، چالاکیی سیاسیی بکات".
 
گوتەبێژەکەی پارتی ئاماژەی بەوەشکرد، "دەبێ گفتوگۆ بکرێت و بەجۆرێک مامەڵە بکرێت دۆخەکە چارەسەر بکات و ئاڵۆزیی زیاد نەکات، ئەمڕۆ لەدوای کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیش بەیانێکمان هەیە کە ئاگاداری خەڵکی کەرکووک دەکەینەوە کە نەهێڵن خەڵکێکی گێرەشێوێن بۆ تێکدانی سەقامگیریی کەرکووک پشێوی بنێنەوە و بەناوی ئەملا و ئەولا بێن زیان بە خەڵک و پێکەوەژیانی ناو کەرکووک بگەیێنن، ئێمە لەگەڵ پێکەوەژیان و سەقامگیرین لە کەرکووک، کەرکووک بە ناسنامەیەکی کوردستانی؛ شارێکە کە کورد، عەرەب، تورکمان و لایەنەکانی دیکەشی تێدایە، ئەمە رێچکەیەک بووە گرتوومانەتە بەر بۆ پێکەوەژیان لە کەرکووک و هەر داوای ئەوەش دەکەین".
 
گوتیشی: "ئێمە وەکو پارتی، دوورین لە تووندوتیژی لە کەرکووک، داوا دەکەین دەزگە ئەمنیەکان لە پایتەختی عێراقەوە لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم بابەتە دروستببێت، بۆ ئەوەی بزانین کە کێن ئەوانەی هاندەرن بۆ ئەوەی ئەم پشێویان دروست ببن و کێن ئەوانەی زیانیان بە خەڵک گەیاندووە و بەپێی یاسای مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت".
 
گوتەبێژی پارتی: رێککەوت بۆ کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی دیارینەکراوە
 
سەرەڕای بوونی کێشە لەنێوان هەولێر و بە‌غدا، پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش ساردە، بەتایبەت لە کەرکووک، لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی هەردوولا، مەحموود محەممەد گوتی "هێشتا رێککەوتێک بۆ کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی دیارینەکراوە".
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئۆتۆمبێلێک کە هێزەکانی هەسەدە  لە منبج تەقاندوویانەتەوە.

هەسەدە لە رۆژهەڵاتی منبج دەستی بە هێرشی پێچەوانە کرد

هێزەکانی سووریا دیموکرات - هەسەدە رایگەیاند، لە دەوروبەری بەنداوی تشرین و رۆژهەڵاتی منبج دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێک لە دژی چەکدارانی 'سوپای نیشتمانیی سووریا' کردووە و دەیان چەکداریان کوشتووە و تانکێکیان تێکشاندووە. هەروەها چەند گوندێکیان رزگار کردووە.