رووداو دیجیتاڵ
دەیان هەزار زیارەتکاری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێن چوونە نەجەف و کەربەلا. پارێزگارەکانی هەولێر و سلێمانی ئامادەکاری پێویستیان بۆ پێشوازیی لە زیارەتکاران کردووە.
لە هەریەک لە دەروازەکانی حاجی ئۆمەران، باشماخ و مونزرییەوە دەیان هەزار زیارەتکار چوونە نێو خاکی عێراقەوە و ئەوەش یەکەمین جارە کە زیارەتکاران لە ناوچە سوونە نشینەکانەوە بۆ بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێن دەچنە نەجەف و کەربەلا.
رۆژی سێشەممە 06-09-2022، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە حاجی ئۆمەران، سۆران و شاری هەولێر شوێنی حەوانەوە بۆ زیارەتکارانی شیعە ئامادەکراوە؛ جگە لە شوێنی حەوانەوە، خواردنەوەی (چا، شەربەت و قاوە) بێبەرامبەرە.
هەر رۆژی سێشەممە هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە رووداوی گوتبوو، هەموو ئامادەکارییەک بۆ هاتنی زیارەتکاران لە دەروازەی باشماخەوە کراوە. گوتیشی: "سەرجەم رێوشوێنە پێویستییەکان بۆ زیارەتکاران گیراونەتەبەر."
زیارەتکاران لە کەشێکی هێمن و پێشوازییەکی گەرمدا چوونە نێو خاکی عێراقەوە. لە دەروازە سنوورییەکانەوە خواردن، خواردنەوە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و شوێنی حەوانەوە بۆ زیارەتکاران دابین کراوە و چوونی گەشتیاران بەردەوامە.
هونەر حەمید، پەیامنێری رووداو کە لە دەروازەی مونزرییەوە لە سنووری خانەقین رووماڵی چوونی زیارەتکارانی دەکات رایگەیاند، خەڵک بە لێشاو بۆ بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێن لە دەروازە سنوورییەکەوە دەپەڕنەوە و هەموو ئامادەکارییەک بۆ پێشوازیکردن لێیان کراوە.
بەپێی ئەو رووماڵەی کە تۆڕی میدیایی رووداو لە دەروازە سنوورییەکانەوە بۆ چوونی زیارەتکاران دەیکات، دەردەکەوێت کە زیارەتکاران بەشی زۆریان لە دەروازەی مونزرییەوە دەپەڕنەوە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، حوسێنی کوڕی عەلی، کچەزای محەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا، پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) لە شاری کەربەلا، لەگەڵ خێزان و دەیان لە کەسوکار و لایەنگرانی لە ساڵی 680ـی زایینی و لەسەر دەستی لایەنگرانی یەزیدی کوڕی موعاوییە کوژران.
رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن هەموو ساڵێک لە 20ی مانگی سەفەر/کۆچی لە عێراق و چەند وڵاتێکی دیکە بەڕێوەدەچێت. سەدان هەزار لە باوەڕدارانی شیعە سەردانی مەزارگەی ئیمام حوسێن لە کەربەلا دەکەن و بە چەندین شێواز ماتەمینی دەگێڕن.
رۆژی سێشەممە، 6-9-2022، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتیی خۆی گوتی: "ئەرکە لە زیارەتی چلەی ئەمساڵدا بە هەموو شێوەیەک پابەندی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری بن".
رێبەری رەوتی سەدر دەشڵێت: "هەندێک لایەن دەیانەوێت کێشە دروست بکەن، بۆیە تکا دەکەین لەو زیارەتەدا دەرفەت نەدرێت بە قین لەدڵانی ئەو زیارەتە و بەعسییە سەدامییە پڕوپووچەکان و هەر بێزراوێک و کەس و لایەنێک کە کێشە دروست بکەن. ئەم سەردانە گشتگیرە و تەنیا زیارەتکارانی عێراقی ناگرێتەوە؛ ئەمەش مانای وایە لە لایەک گرنگە و لە لایەکی دیکەش مەترسیدارە."