رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی و یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆبوونەوە. سەرۆک بارزانی رایگەیاند، "پێویستە بابەتە بنەڕەتییەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لە چوارچێوەی دەستوور چارەسەر بكرێن." هەروەها نێردەکەی ئەمریکا گوتی، "سەرۆک بایدن بە بایەخێكی زۆرەوە سەیری هەرێمی كوردستان دەكات."
رۆژی چوارشەممە 7ی ئەیلوولی 2022، لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ئەلینا رۆمانۆڤسکی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق و ئێرڤن هیكس، كۆنسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەولێر.
بەگوێرەی بارەگای بارزانی، لە دیدارەكەدا یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا "سڵاوی سەرۆک بایدنی بە سەرۆک بارزانی گەیاند." هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە، "سەرۆک بایدن بە بایەخێكی زۆرەوە سەیری هەرێمی كوردستان دەكات و هەرێمی كوردستانیش یەكێكە لە کارە لەپێشینەکانی سیاسەتی دەرەكیی ئەمریکا."
لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، باربارا لیف باسی لەوە کرد، "سەروەری و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و عێراق بناخەیە بۆ سەقامگیری و پێشكەوتنی ناوچەكە." هەروەها جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی "پەرۆشیەكی زۆری بۆ پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵیی عێراق هەیە."
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پێزانینی خۆی بۆ رۆڵی سەرۆک بارزانی لە چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور دەربڕی و داوای كرد كە "سەرۆک بارزانی بە حیكمەت و كاریگەریی خۆی پتر بە رۆڵی خۆی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و نەهێشتنی بنبەستی سیاسیی عێراق هەڵبستێت."
بەگوێرەی بارەگای بارزانی، "سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان سڵاو و رێزی بۆ سەرۆک بایدن هەبوو." هەروەها كورتەیەكیشی لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و هۆكارەكانی بنەبەستی سیاسیی عێراقی خستەڕوو.
سەرۆک بارزانی باسی لە سەرچاوەی کێشەکانی عێراق کرد و رایگەیاند، "سەرچاوەی كێشەكان و قەیرانی سیاسیی عێراق بۆ پابەندنەبوونی بەغدا بە دەستوور و نەمانی بنەماكانی شەراكەت و هاوسەنگی و سازان لە پڕۆسەی سیاسی و رێزنەگرتن لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و پڕۆسەی دیموكراسی دەگەڕێتەوە."
سەرۆک مەسعود بارزانی جەختی کردەوە کە "پێویستە بابەتە بنەڕەتییەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لە چوارچێوەی دەستوور چارەسەر بكرێن و هەر رێككەوتن و پێكهاتنێک دەبێت لەسەر بنەمای دەستوور بە روونی و بە جیددی كاری لەسەر بكرێت."
لەبارەی چارەسەری کێشەکانی دۆخی عێراق، سەرۆک بارزانی دەڵێت، "لە عێراقدا دەبێت بۆ چارەسەری كێشەكان فەرهەنگی یەكتر قبووڵكردن هەبێت و نابێت هیچ لایەنێک هەوڵی سڕینەوەی لایەنی دیکە بدات و دەبێت رێز لە دەستوور بگرێت."
ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە ئێستا یەکێکە لەو تەوەرانەی باس دەکرێت. لەوبارەیەوە، سەرۆک بارزانی گوتی، "هیچ لارییەكمان لە بابەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە نییە بە مەرجێک زەمینەسازیی سیاسی و یاسایی بۆ بكرێت و هیچ لایەن و پێكهاتەیەک پەراوێز نەخرێت و رێزیش لە ئەنجامی هەر هەڵبژاردنێک بگیرێت كە بەڕێوەدەچێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ