رووداو دیجیتاڵ
محەممەد یونس، سەرمایەدار و ئابووریناسی ناسراوی بەنگلادیش کرایە سەرۆکی حکومەتی کاتیی وڵاتەکە، دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە سەرۆکوەزیرانەکەی لەدوای خۆپێشاندانێکی سەرتاسەری و کوژرانی زیاتر لە 300 کەس، وڵاتی بەجێهێشت و هەڵات بۆ هیندستان.
محەممەد یونس کەسایەتیێکی ناسراوی سەرمایەداری بەنگلادیشە، بەوە ناسراوە کە هاوکاری هەژاران دەکات. محەممەد دامەزرێنەری بانکی 'گرامین'ـە، هاوکات خاوەنی بیرۆکەی قەرزی بچووکیشە کە لە 2006 خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبەخشرا دوای ئەوەی 31 ملیۆن هاووڵاتی بەنگلادیشی کەمدەرامەت لە پڕۆژەکەی سوودمەند بوون.
محەممەد لە 2008 لەگەڵ حکومەتەکەی شێخ حەسینە کەوتە کێشەوە دوای ئەوەی لەسەر چەند تۆمەتێکی دارایی سکاڵای لە دژی تۆمارکراو لێپرسینەوەی لەگەڵدا کرا. بەوە تۆمەتبارکرا گوایە هێزی بەکارهێناوە بۆ سەندنەوەی قەرز لە خەڵک، بەڵام محەممەد ئەو تۆمەتانەی رەتکردنەوە. هەر لەسەر ئەم تۆمەتانە لە 2011 لە پۆستی بەڕێوەبەری کارگێڕیی بانک دوورخرایەوە، لە 2013 بەتۆمەتی وەرگرتنی پارە بەبێ مۆڵەتی حکومەت دادگەیی کرا، بەڵام لە زۆربەی دادگاییکردنەکان بێتاوان دەرچوو.
سەرەتای ئەم ساڵ دادگەیەک لە داکا، محەممەد یونس و 13 کەسی دیکەی بەتۆمەتی سپیکردنەوەی دوو ملیۆن دۆلار دادگەیی کرد، یونس بێتاوانی خۆی لەم کەیسە راگەیاند و بە کەفالەت ئازادکرا.
لایەنگرانی محەممەد یونس دەڵێن: ئەو کەسایەتییە بەهۆی خراپی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆکوەزیران دژایەتی دەکرا.
رۆژی دووشەممە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکانی بەنگلادیش بە فەرمی داوایان لە محەممەد یونس کرد سەرۆکایەتیی حکومەتی کاتی وڵاتەکە بکات، ئەویش داواکەی قبووڵکرد.
گرژییەکان مانگی رابردوو دەستیانپێکرد، کاتێک خۆپێشاندان لە دژی یاسایەک کرا کە 30٪ی دەرفەتەکانی کاری کەرتی گشتی تەرخان دەکرد بۆ منداڵ و نەوەکانی ئەوانەی لە جەنگی سەربەخۆیی دژی پاکستان دا بەشدارییانکردبوو. دواتر ناڕەزاییەکان فراوانتر بوون و داواکارییەکان بۆ دەستلەکارکێشانەوەی حەسینە گۆڕدران.
حکومەتەکەی حەسینە لەلایەن گرووپەکانی مافی مرۆڤەوە تۆمەتبار دەکرا بە گەندەڵی و خۆسەپاندن بەسەر دەسەڵات و سەرکوتکردنی ئۆپۆزیسیۆن، لە نێویاندا لە رێگەی کوشتن بێ دادگەییکردن.
لانیکەم 366 کەس لە تووندوتژییەکاندا کوژران کە لە رۆژانی سەرەتای تەممووزەوە دەستیان پێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ