رووداو - کەرکووک
بە سەتان تۆن گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی پارێزگای کەرکووک لە نۆرەی دوورودرێژی سایلۆی شارەکە وەستاون و حکومەت ناتوانێت لێیان وەربگرێت. ئەمساڵ لە کەرکووک نزیکەی 700 هەزار تۆن گەنم بەرهەمهێنراوە و سایلۆکانی شارەکە تائێستا 450 هەزار تۆنیان وەرگرتووە و کۆگەکان پڕبوونە.
رێگری لە هێنانی گەنمی جووتیارانی کورد لە بازگەکانی شارەکە کێشەیەکی دیکەی جووتیارانە و رەنگە بەری رەنجی ساڵێکی ئەو جووتیارانە بەهەدەر بدات، ئەگەرچی ئەوان نووسراویان بۆکراوە تاوەکو گەنمەکانیان ببەنە نێو کەرکووک، بەڵام لە بازگەکان رێگەیان پێنادرێت.
محەممەد خەلیل، جووتیار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە رۆژی پێنجشەمەی رابردووەوە ئێمە گەنممان بارکردووە و بڕیاربوو بەبێ نۆرەگرتن لێمان وەربگرن، کەچی دوێنی کامیۆنەکانی خۆیان وەرگرتووە و ئێمەش لە نۆرە وەستاوین، ناوی من کە یەکەم کەس بوو، ئێستا 300 کامیۆنم لەپێشە، گەنمەکەی ئێمە هێشتا لە پردێیە و بازگەی دارەمان رێگەنادەن بێتە نێو کەرکووکەوە."
حوسێن حەیدەر، جووتیارێکی دیکەیە و دەڵێت، "ئەم خەڵکە هەژارە هەمووی زەرەرمەند دەبێت، ئێمە کامیۆنمان بەکرێ گرتووە و کەس گەنمەکەمان لێوەرناگرێت، نووسراومان بۆ کراوە دەبوو گەنمەکانمان بهێنین کەچی رێگەمان پێ نادەن و ئومێد دەکەین ماوەی وەرگرتنی گەنم درێژبکرێتەوە تاوەکو خەڵک زەرەرمەند نەبێت."
ئەمساڵ کەرکووک لەسەر ئاستی عێراق لە پلەی سێیەمدایە لە بەرهەمهێنانی گەنم، وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەلێت، گەنمی هەموو جووتیاران وەردەگرن.
حەیدەر نووری، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق گوتی، "دەمانەوێ توانای کۆگاکردن زیاد بکەین بۆ وەرگرتنی زۆرترین رێژەی گەنم لە جووتیاران، دڵنیایی بە هەمووان دەدەین کە هەموو ئەو گەنمەی لە پارێزگاکە هەیە وەردەگرین و با جووتیارەکان دڵنیابن، مادام جووتیارن و ماندووبوون، هەموو بەرهەمەکەیان لێوەردەگیرێت لە پارێزگای کەرکووک."
سایلۆی کەرکووک یەک تۆن گەنمی نمرە یەک بە 850 هەزار دینار لە جووتیاران دەکڕێتەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پلانی کشتوکاڵی، جووتیارێکی زۆری کەرکووک ناتوانن گەنمەکانیان ببەنە سایلۆ و ناچارن بە نرخێکی کەم لە بازاڕەکاندا بیفرۆشنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ