رووداو دیجیتاڵ
دارا محەممەد عەلی، هونەرمەندی شێوەکار لە دوای دووساڵ لە کارکردن لە پرۆژەی دروستکردنی مۆزەخانەیەکی تایبەت بە کارە هونەرییەکانی، ئەمڕۆ دووشەممە 07-06-2021 لە رێوڕەسمێکدا مۆزەخانەکە لە هەولێر کرایەوە.
دارا محەممەد عەلی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئامانجم ئەوەیە کارەکانم بە زیندوویی بمێننەوە و بپارێزرێن و بە بازاڕیان بکەم، ئەمەش مافێکی سرووشتیی خۆمە لە دوای ساڵانێکی زۆر لە کار و ماندووبوون کە کار بۆ بە بازاڕکردنی بەرهەمەکانم بکەم."
ئەو هونەرمەندە ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجێتی نەوەی ئێستا لە خوێندکارانی بەشی شێوەکاریی پەیمانگەی هونەرە جوانەکان، سەردانی ئەو مۆزەخانەیە بکەن و بتوانن سوودی لێوەربگرن.
مۆزەخانەکە بەناوی "مۆزەی ئاوینە"یە و لە شاری زەیتوون لە هەولێر، لە خانوویەکی دوو نهۆمیدایە و ئەو شێوەکارە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات "مۆزەخانەکە هەمووی لەسەر ئەرکی خۆی دروستکراوە و هیچ کەسێک یارمەتی نەداوە."
لە مۆزەخانەکەدا 200 تابلۆی قەبارە جیا جیا بەرچاو دەکەون و دارا محەممەد لەبارەی ناوەڕۆکی بەرهەمەکانی گوتی "زۆربەی تابلۆکان پەیامی تایبەتیان لەخۆگرتووە، بەشێکیان گوزارشت لە ژیانی رۆژانەی خەڵکی کوردستان و ژیانی کۆمەڵایەتی دەکەن."
لە رێوڕەسمی کردنەوەی پێشانگەکەدا کتێبێکی تایبەت بە کارە هونەرییەکانی ئەو شێوەکارە بڵاوکرایەوە کە لە 2016 لاپەڕەی قەبارە مامناوەند بە تیراژی (500) دانە لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر چاپکراوە و تاریق کارێزی و قەرەنی جەمیل پێشەکییان بۆی نووسیوە.
دارا محەممەد عەلی لە 1950 لە گوندی عەوینە لە هەولێر لە دایکبووە، لە 1971 یەکەم پێشانگەی تایبەتی لە هەولێر کردووەتەوە، دەرچووی بەشی شێوەکاری پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدایە لە 1974، خاوەنی چەندین پێشانگەی تایبەت و هاوبەشە لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان.