رووداو دیجیتاڵ
شوێنەواری شەڕێکی گەورە بەسەر دوو خانووی ناحیەی گردەسێن دیارە، شەڕێک کە بۆ ماوەی سێ کاژێر بەردەوام بوو و زیانێکی زۆری بە ماڵی هەردوو ماڵبات دا.
هەردوو ماڵەکە بەرامبەر یەکدین، هۆکاری شەڕەکەش کێشەیێکی کۆنی کۆمەڵایەتییە، کە سەرەتا لە شەڕی سۆشیاڵ میدیا لەنێوانیان دەستیپێکردووە، دواتر سەریکێشا بۆ شەڕەتەقە و دوو کەس بەهۆیەوە بریندار بوون.
دواتر رێککەوتن لەسەر سێ خاڵ کرا، یەکەمی ئەوەیە چوار ماڵی لایەکی شەڕەکە باربکەن، دووەم، سکاڵا لە دادگە بکشێننەوە و سێیەمینیش دەبێت ئەوانەی لە گردەسێن دەمێننەوە، بە تەبایی بژین.
سەعید عەلیخان، هاونیشتمانیێکی گردەسێن دەڵێ، "ئێمە گوتمان با ئەمانە نەیەنە بادینان، بەڵام هاتوون و خانوویان شووشتووە بەبێ ئەوەی کەس ئاگای لێبێت، ئێمەش تەلەفۆنمان بۆ بەڕێوەبەری ناحیە و بەڕێوەبەری پۆلیس کرد، کە ئەوان چۆن جارێکی دیکە هاتوون و چەکیان هێناوە و بردوویانەتە نێو خانووەکە."
هەروەها دەڵێ "ئەو شەڕەی کراوە، لسەر خانووی قەدەخەکراوە کە خوێنی لەسەرە، پاشان ئێمە بە کەڵک یەکدی نایەن، بۆیە داوا لە هەموو دامودەزگە ئەمنییەکان، براگەورە و سەرۆکی هەرێم دەکەم؛ ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن."
کاتی هەڵبژاردنیش لەسەر بەربژێران شەڕ لەنێوان هەردوولایەن دروست بووە. وەکو لایەنی دووەم باسی دەکات، پرسەکە ئەوەندە گەورە نییە کە شەڕی لەسەر بکرێت و، ئامادەن بۆ هەر رێککەوتنێکی یاسایی یان کۆمەڵایەتی.
هاروون سلێمان، هاونیشتمانییە و ئاگاداری کێشەکەیە، دەڵێ "ئەو شەڕەی شەوی رابردوو روویدا، لە ئەنجامی هەندێک هەستیاری بوو، هەندێک کەس لە هەردوولا دژی یەکدی کاریان دەکرد و دەهاتن و دەچوون، تاوەکو کار گەیشتە ئەوەی شەڕ رووبدات."
هێزێکی پشتیوانیی زێرەڤانی بۆ گردەسێن نێردراوە و رەوش ئاسایی بووەتەوە، تاوەکو ئێستا هەشت کەس دەستگیرکراون و بڕیاری دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەکی دیکەش دەرچووە.
ئەحمەد سلێمان، بەڕێوەبەری ناحیەی گردەسێن بە رووداوی گوت "فەرمانی دەستگیرکردن بۆ زیاتر لە 25 کەس دەرچووە، ئینشائەڵا بە زووترین کات هەموویان دەستبەسەر دەکرێن."
لەو شەڕەدا زیانی مادی بە دوو خانوو و ئۆتۆمبێلی یەکێک لە لایەنە شەڕکەرەکان گەیشتووە، پۆلیس و کەسێکی دیکەش بە سووکی بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ