رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە 15 رۆژ راگرتنی ژمارەیەک تیکتۆکچی لە زیندانی ئاسایشی سلێمانی، سەرجەمیان ئازاد کران.
عەقید سەلام عەبدولخالق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی 07ـی ئاداری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو کەسانەی بەهۆی خراپ بەکارهێنانی تیکتۆکەوە دەستگیرکران 12 کەس بوون و ئازاد کران".
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئەو 12 کەسەی ئازاد کراون بەڵێننامەیان پێ پڕکردراوەتەوە، کە نابێت بەهیچ شێوەیەک بابەتی ناوەڕۆک نەشیاو و قسەی نەشیاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبکەنەوە".
17ـی شوبات دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی هەشت کەسی بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی بابەت و قسەی نەشیاو لە تیکتۆک راگەیاند، دواتر ژمارەی ئەو کەسانە بەرزبووەوە بۆ 12 کەس.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لەنێو تۆمەتبارەکاندا دانیشتووی شاری سلێمانی، ئیدارەی گەرمیان و قەزای چەمچەماڵ هەبوون. هەروەها زۆرینەیان کوڕ بوون و یەکێکیان کچ بووە.
لەنێو دەستگیرکراواندا کە لە دوێنێوە هەموویان ئازاد کراون، ژمارەیەکیان لە تیکتۆک بەهۆی فۆڵوەرزی زۆرەوە ناسراو بوون، لەوانە "فەرمانی لەفە. مام لەتیف، ئەرجوومەنە ریشە و بابان".
لە راگەیێندراێکدا 17ـی شوبات بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: "بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی بڵاوکراوە نەشیاوەکان، بە بڕیاری بەڕێز داواکاری گشتی، هەشت تۆمەتباری خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دەستگیر کران، تۆمەتباران لە رێگەی گرتە ڤیدیۆیی و لایڤەکانیان بابەتی نەشیاویان بڵاوکردووەتەوە و کاریگەری نەرێنییان لەسەر تاک و خێزانەکان هەبووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ