هەشت عەرەبی هاوردە لە خورماتوو سکاڵایەک لە هاونیشتمانیانى کورد دەبەنەوە

07-03-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دۆسیەى سکاڵاى نێوان عەرەبی هاوردە و جووتیارانى کورد لەبارەى چەند زەوییەکى کشتوکاڵى لە دادگەى قەزاى خورماتووە، جووتیارانى کورد داواى پێداچوونەوەیان کردووە بە بڕیارێکى دادگە، کە لە بەرژوەندیی هەشت عەرەبی هاوردە دراوە.
 
حوسێن عەلى محەممەد، بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى قەزاى خورماتوو بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، هەشت جووتیارى کورد لە دادگەى قەزاکە داواى پێداچونەوەیان بە بڕیارێکى ئەو دادگەیە پێشکێشکردووە بۆ ئەوەى زەوییەکانیان بدرێتەوە، لە دوای تۆمارکردنی سکاڵایەک دراونەتە هەشت عەرەبی هاوردە.
 
حوسێن عەلى محەممەد گوتى: "نزیکەى دوو هەفتە لەمەوبەر دادگەى خورماتوو بڕیارى لە بەرژەوەندیى عەرەبە هاوردەکان داوە".
 
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، ئەو زەوییانە سکاڵایان لەبارەوە تۆمارکراوە لە ناوچەى تەپە سەوزەیە لە قەزاى خورماتوو و رووبەرەکەى سەتان دۆنمە.
 
بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى قەزاى خورماتوو ئاماژەى بەوەدا، پێشتر لە ساڵى 2012 فەرمانگەکەیان بەگوێرەى بڕیارێکى ئەنجوومەنى وەزیران دۆسیەى ئەو زەویانەیان کردووەتەوە بەناوى هاونیشتمانیانى کوردەوە، بەڵام لە دۆسیەى زانیارییەکان لە تکریتى ناوەندى پارێزگاى سەلاحەدین ئەو زەویانە هەر بەناوى عەرەبی هاوردەوە ماونەتەوە.
 
ئەو بڕیارەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کە زەوییەکانیان پێ گەڕاندبووەوە بۆ خاوەکانیان بڕیارى ژمارە 29ی ساڵى 2012 بووە کە تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەى سەرجەم ئەو گرێبەستە کشتوکاڵیانەى لیژنەى کاروبارى باکوور لە ناوچە کوردستانییەکان بۆ عەرەبى هاوردە کردوونى.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە