عێراق و وڵاتانى دراوسێى سووریا لە ئوردن کۆدەبنەوە

07-03-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتى دەرەوەى ئوردن رایگەیاند، نوێنەرانى عێراق و وڵاتانى دیکەى دراوسێى سووریا لە وڵاتەکەى کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنى دۆخى ئەو وڵاتە و رێگرى لە بەقاچاخبردنى چەک و مادەى هۆشبەر.
 
ئەو وەزارەتە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوە داوە، کۆبوونەوەکە یەکشەممە 9ى ئادارى 2025 لە ئوردن دەکرێت، بۆ تاوتوێکردنى چۆنێتى هاریکاریکردن لە بوارى بنبڕکردنى تیرۆر، بە قاچاخبردنى ماددەى هۆشبەر، چەک و رووبەڕووبوونەوەى ئاڵنگارییە هاوبەشەکانیان.
 
سوفیان قوزات، گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئوردن رایگەیاند، وەزیرانى دەرەوە و بەرگرى، سوپا سالار و بەڕێوەبەرى دەزگاکانى هەواڵگریی وڵاتانى سووریا، تورکیا، عێراق، لوبنان لەو کۆبوونەوەیە بەشدار دەبن. 
 
گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئوردن ئاماژەى بەوەدا، لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێى شێوازى پاڵپشتى گەلى سووریا دەکرێت بۆ بونیاتنانەوەى وڵاتەکەیان بەشێوەیەک کە یەکپارچەیی، سەروەرى، ئاسایش و سەقامگیریى ئەو وڵاتە گەرەنتی بکات و کەشێکى گونجاو بڕەخسێنێت بۆ گەڕانەوەى خۆویستانەى ئاوارەکان.
 
ئەو کۆبوونەوەیە هاوکاتە لەگەڵ ئاڵۆزییەکانى نێوان هێزە ئەمنییەکان  و سوپاى نوێى سووریا لەگەڵ ئەو چەکدارانەى بە لایەنگرى بەشار ئەسەد ناو دەبرێن، کە بەهۆیەوە 6ى ئادار پێکدادان لە شارە کەناراوەکانى سووریا روویداوە و زیاتر لە 70 کەس لە هەردوولا کوژراون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە