رووداو دیجیتاڵ
رێکخەری مانگرتووانی سلێمانی رایگەیاند، لە ئەمڕۆ ئامادە نابن چارەسەری پزیشکیی وەربگرن. بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانیش دەڵێت: "چارەسەر وەرنەگرن رووداوی نەخوازراو روودەدات".
دڵشاد میرانی، رێکخەری مانگرتووانی سلێمانی، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ من رەتمکردەوە چارەسەری پزیشکی وەربگرم و هەموو مانگرتووەکانی دیکەش هەمان هەڵوێستی منیان گرتەبەر".
ئەمڕۆ 11 رۆژە 13 مامۆستا و فەرمانبەر لە شاری سلێمانی بۆ چەند داواکارییەک مانگرتنیان لە خواردن راگەیاندووە.
دکتۆر سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی سەردانی مانگرتووانی کرد و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "لە ئەمڕۆوە قۆناخێکی دیکەی تەندروستییان دەستپێدەکات و کێشی لەشیان دادەبەزێت و هەموو ئۆرگانەکانی جەستەیان روو لە لاواز بوون دەکات".
لەبارەی بڕیاری رەتکردنەوەی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لەلایەن مانگرانەوە، بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی گوتی: "پشتیوانی بڕیارەکەیان ناکەم کە چارەسەری پزیشکی رەتبکەنەوە؛ داواکارین بەردەوامبن لە وەرگرتنی چارەسەر".
دکتۆر سەباح هەورامی گوتیشی: "بە دڵناییەوە گرفتی گەورەیان بۆ دروست دەبێت، ئەگەر چارەسەری تەندروستی وەرنەگرن دەبێت چاوەڕوانی رووداوی نەخوازراو بین".
داواکاری سەرەکیی مانگرتووانی سلێمانی پێدانی مووچەیە 30 رۆژ جارێک، تەوتینکردنی مووچەکانیان و گەڕانەوەی پلەبەرزکردنەوەیە کە لە ساڵی 2016ـەوە راگیراوە.
مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سلێمانی لە 28-01-2025ـەوە دەستیپێکردووە و بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ