رووداو دیجیتاڵ
پێکهاتەکانی عەرەب و تورکمان لە پێکهێنانی بەرەیەک بۆ دروستکردنی فراکیسیۆنی گەورەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نزیکبوونەتەوە. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بەرەی تورکمانی، بە مەرجی وەرگرتنی پۆستی پارێزگار ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت، لەگەڵ سێ هاوپەیمانێتییە عەرەبییەکە دەچێتە نێو یەک بەرەوە.
ماردین گۆگقایە، گوتەبێژی بەرەیی تورکمانی دەڵێت، "هەردوولا بۆ پێشاندانی نیازپاکیان دەبێت پارێزگار تورکمان بێت بۆ ماوەی ساڵێک یان دوو ساڵ، لەو روانگەیەوە ئێمە دەرگەمان کراوەیە بۆ هەموولایەنە براوەکان لەپێناو پێکهێنانی هاوپەیمانیێتی، بەڵام چەند خاڵ و داواکارییەکمان هەیە."
لەبارەی هاوپەیمانێتییان لەگەڵ بەرەی تورکمانی عەزام حەمدانی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەرەبی باسی لەوەکرد، "هاوپەیمانیی ستراتیژی پێشوەختمان لەگەڵ تورکمان هەیە و هاوڕامانن لەسەر عێراقی بوونی کەرکووک، ئەوان نزیکترین لایەنن لە ئێمە لەسەر چۆنیەتی دابەشکردن و ئیدارەدانی کەرکووک، بەڵام سەبارەت بە گفتوگۆکانمان لەگەڵ لایەنی کورد، هەندێک قسەکردن هەیە بەڵام تائێستا گفتوگۆ و هیچ شتێکی فەرمی نییە."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بڕیارە پارتی و یەکێتی لە کۆتایی ئەم هەفتەیە بۆ تاوتوێکردنی سیناریۆکانی پێکهێنانی ئیدارەی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆببنەوە.
ئەحمەد کەرکووکی، بەربژێری سەرکەوتوو بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا رایگەیاند، "ئێمە وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سوورین لەسەر ئەوەی پارێزگار پشکی کوردە و لەنێو کوردیش پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، ئێمە وای نابینین تورکمان بەلای عەرەبدا بڕۆن، چونکە کۆمەڵێک خاڵ و هۆکار هەیە کە وایکردووە نەتوانن لەگەڵ عەرەب بن، ئێمە گوتمان لەدوای سەری ساڵەوە دەست بەدیدارەکان دەکەین و یەکەم لایەنیش لە پارتیەوە دەستپێدەکەین."
کورد بە حەوت کورسی لە بەرامبەر شەش کورسی عەرەب و 2 کورسی تورکمان و کورسییەکی کۆتا، زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی بەدەستهێناوە، بەڵام رێککەوتنەکانی دوای هەڵبژاردن دیاری دەکات کە پۆستی پارێزگاری کەرکووک بۆ کام پێکهاتە دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ